بەغدا پارەی مانگی شوباتی نارد، سبەی مووچە دابەش دەکرێت

2025-03-12  81 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان دەستی پێکرد.             
 
وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، بڕی پارەکە (957،925،880،078) دینارە، هەمان ئەو بڕەیە کە خۆیان بۆ مووچەی مانگی شوبات داوایان کردبوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، سبەی پێنجشەممە، 13-03-2025، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دا، مەسرور بارزانی وەزیرەکانی راسپاردووە "بەپەلە" لیستی مووچەی مانگی ئاداری وەزارەتەکانیان ئامادە بکەن و لە رۆژی پشووشدا کار بکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت پێش جەژن مووچەی ئەو مانگەش دابەش بکرێت.
 
لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتییەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت".    
 
ناردنی پارەی مووچەی مانگی شوبات، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، دوای دوو هەفتە کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕ بوو لەنێوان تیمی تەکنیکیی هەردوو وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی روونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هەبوون.
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەپێی گشتاندن و رێنمایی لەدوای (10)ی هەموو مانگێک راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم رۆژانەدا راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا".     


   ئەمانەش بخوێنەرەوە