فەرەنسا رۆژووگرتن لە یاریزانانی موسڵمان قەدەغە دەکات
2025-03-11
297 جار خوێنراوەتەوە
یاریزانە موسڵمانەکان لە فەرەنسا لە قەیراندان، بەهۆی ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و یانەکانی خولی ئەو وڵاتە رۆژووگرتن لە یاریزانان قەدەغە دەکەن.
ئەو یاریزانە موسڵمانانەی لە خولەکانی ئەوروپا یاری دەکەن، رووبەڕووی هەڵوێستی جیاجیا دەبنەوە سەبارەت بە بەڕۆژووبوونیان لە مانگی رەمەزاندا.
لە هەندێک وڵاتی وەک ئینگلتەرا، بەلجیکا و هۆڵەندا، یەکێتییەکانی تۆپی پێ جگە لەوەی رێگە بەوە دەدەن یاریزانەکان بەڕۆژووبن، رێگە بەوەش دەدەن لە کاتی یارییەکاندا لە مانگی رەمەزاندا ناوبژیوان ماوەیەک یاری رابگرێت بۆ ئەوەی یاریزانە بەڕۆژووبووەکان بەربانگ بکەنەوە.
لەم ماوەیەدا یاریزانانی موسڵمان لە کاتی یارییەکاندا رێگەیان پێدەدرێت رۆژوویان بشکێنن، نموونەیەکی بەردەستیش یارییەکەی یۆرۆپالیگ بوو لە نێوان مانچێستەر یونایتد و ریال سۆسیداد، کە ناوبژیوان لە کاتی بانگدان یارییەکەی راگرت بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانی بەڕۆژوون رۆژووەکانیان بشکێنن.
ئەم یارییە بۆ ماوەیەکی کورت راگیرا، بۆ ئەوەی دوو یاریزانە مەغریبییەکە، نەسیر مەزراوی لە مانچێستەر یونایتد و نایف ئەگێرد لە ریال سۆسیداد بتوانن رۆژووەکەیان بشکێنن.
بارودۆخی فەرەنسا تەواو جیاوازە، بەو پێیەی پاریس لە ساڵی رابردووەوە بووەتە جێی مشتومڕێکی بەرفراوان، دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە رێنمایی یانەکان و ناوبژیوانانی کرد کە هیچ یارییەک بەمەبەستی رۆژووشکاندن رانەگرن.
هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بڕیاریدا بەڕۆژووبوون لە یاریزانە موسڵمانەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا قەدەغە بکات، ئەوکاتەی پەیوەندی بە کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنساوە دەکەن.
بەر لە چەند رۆژێک میدیاکان بڵاویانکردەوە کە یاریزانانی یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، ئەوانەی بەڕۆژوو دەبن مامەڵەیەکی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، لەلایەن رۆبن ڤان پێرسیی راهێنەریان، کە پێیوایە ئەوان پێویستییان بە مەمەڵەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات هاوسەنگی دروست بکەن لەنێوان پابەندبوونە وەرزشییەکان و ئەرکە ئاینییەکانیان لە مانگی رەمەزاندا.
خودی راهێنەرە هۆڵەندییەکەش لە لێدوانەکانیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پشتڕاستیکردەوە کە لە کاتی ئامادەکردنی تیپەکەدا رۆژووگرتن لەبەرچاو دەگرێت و روونیکردەوە "پێنج یاریزانی بەڕۆژوومان هەیە، و درک بە گرنگی ئەوە دەبەم کە پێویستییان بۆ نەرمیی ئێمە هەیە لە ماوەی رەمەزاندا".
|