ریال مەدرید پشت لە پاشاکەی دەکات
2025-03-10
171 جار خوێنراوەتەوە
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید پشتیان لە لوکا مۆدریچی کرواتی کردووە، کە وەک ئەستێرە بەڕێزەکەی یانەکە سەیر دەکرێت.
بەم دواییە میدیاکان زۆر باسیان لەئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لوکا لەگەڵ لۆس بلانکۆس دەکرد، گوایە ریال مەدرید ئەویان سەرپشک کردووە لەوەی بڕوات یان ساڵێکی دیکە بمێنێتەوە.
هاوینی رابردوو ریال مەدرید گرێبەستەکەی لۆکا مۆدریچی تاوەکو هاوینی 2025 نوێکردەوە، چونکە ئەو یاریزانە کرواتییە هێشتا لە پلانەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەردایە.
مۆدریچ لەم دواییانەدا گەڕایەوە بۆ یاریکردن وەک یاریزانی سەرەکی، کە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و توانایەکی دیاریکراوی نیشانداوە بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ.
بەگوێرەی چەند زانیارییەکی رۆژنامەوانی نوێ، مۆدریچ هێشتا بەتەواوی بڕوای بەوە هەیە کە دەتوانێت بۆ وەرزێکی دیکە بەردەوام بێت لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، تاوەکو دەگاتە تەمەنی 40 ساڵی.
ئەستێرە کرواتییەکە بەنیازە درێژە بە کاروانی تۆپی پێی خۆی بدات تاوەکو بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەکەیدا بکات.
روونیشیکردەوە، یەکسانبوونە نائومێدکەرەکەی کۆتایی هەفتەی رابردوو بەرامبەر یانەی ریال بێتیس نیگەرانی لەسەر هەندێک یاریزان دروستکردووە و کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژووری جلگۆڕین دروستکردووە.
مارکا دەڵێت "رۆیشتنی بەشێک لە یاریزانەکان رەتناکرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت یانەکە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ بەوردی پێداچوونەوە بە پێکهاتەکەیدا بکاتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لوکا مۆدریچ بووەتە جێگەی گومان و ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا بڕیار درابوو گرێبەستەکەی لوکا نوێ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پێدەچێت دۆخەکە گۆڕا بێت و زۆر قورس بێت.
لوکا مۆدریچ لە هاوینی 2012 بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد.
ئەم وەرزە ئەستێرەی کرواتی بەشداری لە 41 یاری لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، لەو ماوەیەدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئەسیستیشی هەیە.
|