یانەی دهۆک نیوەی رێگەی بەرەو دەستکەوتە مەزنەکە بڕی
2025-03-06
76 جار خوێنراوەتەوە
یانەی دهۆک، نیوەی رێگەی بەرەو دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بڕی، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی پاڵەوانانی کەنداو، لە یانەی ئیتیفاقی سعودیی بردەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.
مەرج نییە ئەوەی زوو دەگات و بەرووخساری گەشەوە دێت، بەهەمان شێوە بگەڕێتەوە.
ئەگەرچی زۆرینەی یاریزانەکانی ئیتیفاق لە یاریگەکانی ئەورووپا یارییانکردووە، بەڵام تۆپی پێ ئەو شتانە نازانێت.
دەنگی دەهۆڵ و گۆرانی بەسەر یاریگەدا زاڵبوو، ئەوە دەنگی هاندەرانی ئیتیفاقی خاوەن یاریگەبوو. لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر کەمی هاندەرانی دهۆک، بەجلوبەرگ و ناسنامەی کوردیی خۆیانەوە لە یاریگەدا ئامادەبوون.
هێشتا یارییەکە دەستیپێنەکردبوو کە ئەحمەد شێخ، پشتەڤانی یانەی دهۆک بەرووداوی گوت، سەرکەوتن پشتبەخوا بۆ دهۆکە و بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر.
یاریی دەستیپێکرد و هەرزوو یانەی خاوەن یاریگە دەستی بەهێرشبردن کرد، یاریی لە ناوەڕاستی یاریگە بوو، بەڵام دهۆک لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ نەبوو و لە خولەکی 43 مارۆن دی سانتۆسی بەرازیلی، تۆڕی یانەی ئیتیفاقی هەژاند و نیوەی یەکەمیش بەهەمان ئەنجام کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک تووندتر دەرکەوت و جۆرجینیۆ ڤایناڵدۆم ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام گۆڵەکەی ئەو ئۆفسایدبوو.
یارییەکە کۆتایی هات و ئەنجامەکەش وەک پێشبینی پشتەڤانەکەی دهۆک دەرچوو.
هاروون ئەحمەد، یاریزانی یانەی دهۆک بەرووداوی گوت، تیپی بەرامبەر زۆر بەهێزە لە یاریگەی خۆیدا، بەڵام ئێمە ئەوەمانکرد کە دەبوو بیکەین.
جواو جیبرێل، یاریزانی یانەی ئیتفاق لەبارەی ئەنجامی یارییەکەوە بەرووداوی راگەیاند کە ئەوان یارییەکی باشیان کردووە، دووپاتیکردەوە هێشتا یاریی گەڕانەوە ماوە و لەوێ دەتوانن هەموو شت ئاڵوگۆڕ بکەن.
دهۆک هاتن و گەڕانەوەی خۆی سەربەرزانە کۆتایی پێهێنا، بەڵام دیار نییە کاتێک ئیتیفاق دێتە هەرێمی کوردستان و دهۆک، هەمان دۆخی دەبێت یان نا.
|