بارسێلۆنا بەنیازە ئەستێرەیەکەی ریال مەدرید بباتە ریزەکانی

2025-03-10  205 جار خوێنراوەتەوە

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە ئیسپانیا، سوپرایزێکی گەورەیان ئاشکراکرد سەبارەت بە ئەگەری چوونی یەکێک لە یاریزانەکانی ریال مەدرید بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەیی مێرینگێ، لەبەرئەوەی وەک پێویست هەلی یاریکردنی پێنادرێت.
 
ژمارەیەک یاریزان لە ریزەکانی ریال مەدریدا هەن کە لەم وەرزەدا دەرفەتی بەشداریکردنیان بەشێوەیەکی رێکوپێک پێنادرێت، ئەمەش وادەکات وەرزی داهاتوو رۆیشتنیان لە تیپەکە خێراتر بکات.
 
رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، سوپرایزێکی لەبارەی ئاندرێ لونینی ئۆکراینی، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ئاشکرا کردووە.
 
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کارگێڕیی بارسێلۆنا هەوڵدەدات لونین بخاتە نێو مێرکاتۆی داهاتوو، لە کاتێکدا خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی کەتەلۆنی، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکان، کە بەم دواییە لە شاری لیشبۆن ئەنجامدرا، پرسیاری لەبارەی دۆخی گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە لێکردووە.
 
لونین گۆڵپارێزی یەدەگی تیبۆ کۆرتوایە و ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 درێژدەبێتەوە؛ کە ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی کەم دەکاتەوە، بەڵام دەکرێت لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا بیر لەو گۆڵپارێزە بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئەگەر گۆڵپارێزەکە سووربێت لەسەر رۆیشتن، ریال مەدرید ئامادە دەبێت بەرامبەر دەستەوارەیەکی باش دەستبەرداری ببێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، خۆرخێ مێندێز، لاپۆرتای لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە ئێستا بیر لە رۆیشتن ناکاتەوە، ئامانجیشی بەردەوامبوونە لە رکابەریکردن لەگەڵ کۆرتوا بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەک لە پێکهاتەی سەرەکی مێرینگێدا، کە لەوانەیە لە داهاتوودا بارودۆخەکە بگۆڕێت.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لونین سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی شوێنێک بۆ خۆی لە داهاتووی یانەکەدا، چونکە هەرچەندە تاوەکو ئێستا گۆڵپارێزێکی یەدەگە، بەڵام ریال مەدرید دڵنیایە لەوەی کە کاتێک کۆرتوا واز لە یاریکردن دەهێنێت دەبێتە گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکە.
 
لونین وەرزی رابردوو وەک یاریزانی یەدەگی تیبۆ کۆرتوای بەلجیکی یاریی کرد، کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتەوە.
 
گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، هەروەها رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە گەیاندنی ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بەو هۆیەوە ریال مەدرید لە مانگی ئازاری رابردوودا بڕیاریدا گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە