بەهۆی کۆچی دوایی پزیشکێکەوە، یاریی بارسا و ئۆساسۆنا دواخرا

2025-03-09  107 جار خوێنراوەتەوە

یاریی بارسێلۆنا و ئۆساسونا کە بڕیاربوو شەوی شەممە ئەنجامبدرێت، لەبەر گیانلەدەستدانی پزیشکی یەکەمی یانەکە، دواخرا.
 
وا بڕیاربوو یانەی بارسێلۆنا شەوی شەممە، لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئۆساسۆنا ببێتەوە، دوای ئەوەی یاریزانەکانی هەردوو یانە چوونە یاریگە و پێکهاتەی فەرمیی یارییەکە بڵاوکرایەوە، هەواڵی دواخستنی یارییەکە راگەیێنرا.
 
پزیشکی یانەکە، کارلێس  مینیارۆ گارسیا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆچی دوایی کردووە و ئەمەش هەواڵێکی دڵتەزێن بووە بۆ یاریزانانی یانەکە، هەربۆیە وەک دەستەی لالیگا رایگەیاندووە، بڕیاردراوە یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
 
پەڕەی فەرمیی بارسێلۆنا لە تۆڕی 'ئێکس' لە راگەیێنراوێکدا دەڵێ، "بەوپەڕی دڵتەنگییەوە یانەی بارسێلۆنا کۆچی دوایی پزیشکی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، کارلێس مینیارۆ گارسیا رادەگەیەنێت، لەبەرئەوە یارییەکەی بارسێلۆنا و ئۆساسونا تاوەکو کاتێکی نادیار دواخرا".
 
بەپێی سەرچاوەکان، ئەو پزیشکە ئەمڕۆ بە درێژایی رۆژەکە لەگەڵ یاریزانانی بارسێلۆنا بووە و نانی نیوەڕۆشیان بەیەکەوە خواردووە. ئەو کەسایەتییەکی خۆشەویست بووە لای یاریزانانی بارسێلۆنا و هەر لەبەرئەوەش، مردنی کارلێس، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یاریزانەکان هەبوو.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەکە، کۆندێی یاریزانی بارسێلۆنا، بە گریانەوە یاریگەی جێهێشتووە.
 
یارییەکەی بارسێلۆنا و ئۆساسونا دواخرا، بەڵام هێشتا روون نییە کەی ئەنجامدەدرێت.
 

خیزانی تۆپی پێی ئیسپانیا، یانەکانی ئەو وڵاتە، دەستەی گشتیی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، پرسەی خۆیان ئاراستەی بارسێلۆنا و ماڵباتی پزیشکەکە کردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە