فۆنسێکا بۆ 9 مانگ رادەگیرێت، بەڵام لە کارەکەی دوورناخرێتەوە

2025-03-06  66 جار خوێنراوەتەوە

پاولۆ فۆنسێکای راهێنەری یانەی لیۆنی فەرەنسی بەڕاگرتن بۆ ماوەی نۆ مانگ سزادرا، بەڵام یانەکەی ئامادەنییە دەستبەرداری بێت.
 
فۆنسێکای پۆرتوگالی، لە یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر برێست کە 2 - 1 براوەبوو، بەڵام پەرچەکردارێکی تووندی بەرامبەر ناوبژیوانی یارییەکە پێشاندا و بەهۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، ئەو راهێنەرەی بەراگرتن بۆ ماوەی نۆ مانگ سزادا.
 
لە دوای سزای راگرتنەکە، پێشبینیکراوبوو یانەی لیۆن بەبەردەوامبوونی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە رازی نەبێت، بەڵام جۆن تیکستۆر، سەرۆکی یانەی لیۆن لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەو راهێنەرەی کردووە بەردەوامبوونی ئەوی لە پۆستەکەی دووپاتکردووەتەوە.
 
ئەو سەرۆک یانەیە، پەیامەکەی بۆ پیرۆزبایی لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی راهێنەری تیپەکەی ناردووە و دەڵێ، "لەدایکبوونێکی پیرۆز پاولۆ، من لەگەڵتدام، ئەمڕۆ و بۆ هەمیشە.. تۆ هەڵەت کرد، داوای لێبوردنەکانت راستگۆیانە بوو، سزاکەشت زۆر قورس بوو، تۆ کەسێکی گونجاویت بۆ لیۆن و پێکەوە بەردەوام دەبین".
 
فۆنسێکا، بەپێی پێویستی ئاهەنگی بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونیەوە نەگێڕا، پاشئەوەی لیژنەی رێککاری سەر بە دەستەی خولی فەرەنسا، بڕیاریدا ئەو تاوەکو 30ی مانگی یانزەی ئەمساڵ لە کارەکەی رابگرێت، بەهۆی پەلاماردانی ناوبژیوانەوە.
 
رووداوەکە لە دوایین ساتەکانی یارییەکە پڕ لە ئاڵۆزییەکەدا روویدا، کاتێک فۆنسێکا بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینی بەردەوامەوە لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
 
لە خولەکی حەوتی کات زیادکراوی یارییەکەدا، لە کاتێکدا باستیان میۆی ناوبژیوان، سەرقاڵی پێداچوونەوەی گرتەیەک بوو لە ڤارەوە کە دەکرا لێدانی سزا بۆ برێست ئەژمار بکات، فۆنسێکا دەستی بەناڕەزایەتی دەربڕین کرد لەبەرئەوەی چوار خولەک کاتی یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانەوە زیادکرابوو.
 
لە کاتێکدا ناوبژیوان بەکارتی سوور ئەوی کردە دەرەوە، فۆنسێکا زیاتر تووڕەبوو و سەری کێشا بەسەری ناوبژیوانەکەدا، بەرلەوەی یاریزانەکان لێکیان بکەنەوە.
 
فۆنسێکا کە لە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا مەشقدانی یانە فەرەنسییەکەی وەرگرتووە، هەوڵیدا دۆخەکە ئارام بکاتەوە و گوتی، ویستم داوای لێبوردن بکەم لەوەی کردم، نەدەبوو وا بکەم.
 
یانەی لیۆن لای خۆیەوە جیا لەوەی سزاکەی بەزێدەڕۆیی ناوبردووە، دووپاتیکردووەتەوە کە "لیکۆڵینەوە لە هەموو چارەسەرەکانی پێداچوونەوەی بڕیارەکە دەکات".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە