فوئاد حوسێن: داعش لە ژمارە، هێز، چەک و ناوچەکانی گەشەی کردووە
2025-03-10
255 جار خوێنراوەتەوە
وەزیرانی دەرەوەی سووریا و وڵاتە دراوسێکانی، رۆژی یەکشەممە داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانەیان کرد کە وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر سووریایاندا سەپاندوون، هەروەها داوایان کرد، ئاشتەوایی لە وڵاتەکدا بەدیبێت.
وەزیرانی دەرەوەی عێراق، تورکیا، ئوردن و لوبنان بەیەکەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دوای کۆبوونەوەیەک لە عەممان قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هێشتا نەیانتوانیوە ئەمریکا و ئەورووپا رازی بکەن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان، هەروەها نەیانتوانیوە دەست بە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە لە دوای 14 ساڵ لە شەڕ بکەن و لە ئاشتکردنەوەی کورد و درووزەکانیش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتەکەدا، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
دراوسێکانی سووریا دەترسن لەوەی ئابووریی وێرانکراوی وڵاتەکە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری خۆیان هەبێت.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە دراوسێکان رەخنەیان لە "دەستێوەردانی دەرەکی" لە ناوچەکەدا گرت، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەشێکی زیاتری باشووری سووریایان داگیرکرد و ناوچەی سنوورداری نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەزاند کە سووریا و بەرزاییەکانی گۆلان لێک جیا دەکاتەوە، ئەو شوێنەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 داگیری کرد و لکاندی بە خاکی خۆیەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش داوای هاوکاریی زیاتری کرد لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیداو وتی: "دەبینین لە ژمارە، هێز، چەک و ناوچەکانی داعش گەشەیان کردووە".
کۆبوونەوەکە دوای چەند رۆژێک لە پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و لایەنگرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رووخێندراو هات.
|