ئیسرائیل کارەبای غەززەی بڕی و پلانی "دۆزەخ" جێبەجێ دەکات
2025-03-10
113 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی کردووە کارەبای کەرتی غەززە ببڕن، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە داخستنی دەرگەی چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتە وێرانکراوەکە. ئیسرائیلیش بەنیازە "پلانی دۆزەخ" لەدژی غەززە بەکاربهێنێت.
رۆژی یەکشەممە، 09-03-2025، ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا رایگەیاند: "واژۆم لەسەر بڕیاری بڕینی کارەبای کەرتی غەززە کرد. هەموو ئامرازەکانی خۆمان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لە نەمانی حەماس لە غەززە بەکاردەهێنین."
هەفتەی پێشوو، ئیسرائیل رایگەیاند، دەرگەی چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە دادەخەن، "تاوەکو حەماس بە مەرجی درێژکردنەوەی ئاگربەست رازی دەبێت."
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە مانگی 1 دەستیپێکرد و لە 01-03-2025 کۆتاییهات. لەو 42 رۆژەدا هاوکارییەکی زۆری خۆراک، دەرمان و کەلوپەل چوونە نێو کەرتەکە.
ئیسرائیل رایگەیاند، دەیەوێت ئاگربەستەکە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی نیسان درێژبکاتەوە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رازی نەبووە، ئەوان ویستیان لەبری درێژکردنەوە، دەست بە قۆناغی دووەم بکرێت، کە دەبووە هۆی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
دوێنێ شەممە حەماس، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، "تاوانی جەنگ وەک سزادانی بەکۆمەڵ بەکاردەهێنێت، رێگە لە هاوکارییەکان دەگرێت، کە ئەمە کاریگەریی لەسەر بارمتەکانی نێو غەززەش دەبێت."
لەو 251 بارمتەیەی لە 07-10-2023 حەماس رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.
دووشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا، ئەگەر حەماس بارمتەکان رادەست نەکەن، "دووچاری دەرئەنجامێک دەبن کە ناتوانن خەیاڵیشی بکەن."
میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، نەتەنیاهوو بەنیازە هەفتەی داهاتوو، "ئەوپەڕی گوشار" بخاتەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە درێژکردنەوەی ئاگربەستی قۆناخی یەکەم، لەژێر مەرجەکانی ئیسرائیل رازی بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی نەتەنیاهوو رەشنووسی پلانێکیان ئامادەکردووە کە ناویان لێناوە "پلانی دۆزەخ" لەوانەش، "راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی لە باکووری کەتەکە ئاوارەی باشوور بوون، هەروەها بڕینی کارەبا و دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ."
لەدوای دەستپێکردنی جەنگ و لە 09-10-2023 ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی خستەسەر غەززە؛ کارەبا، ئاو، خۆراک، هاوکارییە مرۆییەکان و ئینتەرنێتی لەسەر بڕین.
|