سەندیکای رۆژنامەنوسان: داواکارین دۆسیەی بەشدار بازیانی بەلاڕێدا نەبرێت

2025-03-09  117 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایگه‌یاند، دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی سه‌ركۆنه‌ دەکات، ده‌ڵێت، "داواکارین دۆسیەی دەستگیرکردنەکەی بەلاڕیدا نەبرێت".

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی، بەبێ ئاگاداری پێشوەختەو بەبێ بڕیاری دادگا پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامەوانییە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "رێگە نەدان بە کەسوکارەکەی بۆ سەردانیکردنی، پێشێلێکی زەقی یاساییە و دورە لە رێزگرتن لە بنەماکانی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەریی". 

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئه‌و رۆژنامەنوسه‌ دەکات، ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، "داواکارین دۆسیەی دەستگیرکردنەکەی بەلاڕیدا نەبرێت".

ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تائێستا ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیچ ڕاگه‌یه‌ندراو و لێدوانێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌.

6ی ئه‌م مانگه‌، كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ڕایگه‌یاند، "سەردانی بەشی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتیمان لە سلێمانی كردو داوای بینینی رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی مان كرد، ‎ناوبراومان بینی لەدۆخێكی تەندروستی جێگیردا بو، هەندێك قسەو باسمان كردو داوامان كرد راشكاوانە دڵنیایی باری تەندروستی و خواردن و شوێنی حەوانەوەو پێداویستیەكانی تریمان پێبڵێت، بە شێوەیەكی گشتی گلەیی و گازندەی لە شوێن وپێداویستی رۆژانەی نەبو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ‎بەشدار بازیانی بە ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراوە، تا ئێستاش لێكۆڵینەوە لەسەر وردەكاری بابەتەكەو راگرتنی لەلایەن دادوەرەوە بەردەوامە، ناوەڕۆكی ماددەكە واتا 433 له‌ یاسای سزادانی عێراقی بریتییە لە ناوزڕاندن وپێدانی زانیاری ناڕاست و چەواشە".

یه‌كی ئه‌م مانگه‌، میدیا 21 له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "بە قوڵی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی دەستگیرکردنی ناحەقانەی سێ لە ڕۆژنامەڤانە سەرەکییەکانی دامەزراوەکەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە، ئەو ڕۆژنامەڤانانە کە بەشێکن لە تیمی لێکۆڵینەوەکانمان، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی میدیایی خۆیاندا دەستگیرکراون، بەبێ هەبونی هیچ هۆکارێکی یاسایی یان دەستپێگەیشتن بە هیچ نوسراوێکی دادوەریی".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە