مەزڵوم عەبدی: گروپەكانی نزیک توركیا لە پشت كۆمەڵكوژیەكانی سوریان
2025-03-09
232 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، پێویستە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژی کۆمەڵایەتی لە ناوچە کەنارییەکانی سوریا بکات و لایەنەکانی سەر بە تورکیای تۆمەتبارکرد بەوەی کە بە پلەی یەکەم لە پشت تاوانەكانەوەن.
مەزڵوم عەبدی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی راگەیاند، دەبێت ئەحمەد شەرع دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی "کۆمەڵکوژیەکان"، هەروەها ئەو "گروپانەی کە لەلایەن تورکیا پاڵپشتی دەکرێن و توندڕەوانی ئیسلامین" بەرپرسیاری سەرەکین لەو ڕوداوانە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە ئەحمەد شەرع بە شێوازی پێکهێنانی سوپای نوێی سوریا و هەڵسوکەوتی گروپە چەکدارەکاندا بچێتەوە، هەندێکیان بەرپرسیارێتی خۆیان لە سوپادا بەكاردەهێنن بۆ دروستکردنی ململانێی تائیفی و یەکلاییکردنەوەی كێشەی ناوخۆیی".
ئەوە لەكاتێكدایە رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە پێنجشەممەی ڕابردوەوە هەزار و 18 كەس لە كەناراوەكانی سوریا كوژراون كە زیاتر لە 745 كەسیان هاوڵاتی مەدەنین، دەستیان لە شەڕەکەدا نەبوە.
دەشڵێت، "دەیان هەزار ماڵ تاڵانکراون و سوتێنراون، کۆمەڵکوژییەکانیانیش لەلایەن خەڵكی ناوچەكانی دیكە یان نەتەوە بیانییەکانی وەک ئۆزبەکستان و چیچان و ئاسیای ناوەڕاستن ئەنجامدراون".
|