ئەمریکا کۆتایی بە لێخۆشبوونی عێراق بۆ کڕینی گازی ئێرانی هێنا
2025-03-09
236 جار خوێنراوەتەوە
ئیدارەی ترەمپ کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا، کە رێگەی بە حکومەتی عێراقی دەدا، گازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش هەنگاوێکی نوێی حکومەتی ئەمریکایە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
رۆژی شەممە وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی واشنتن لە بەرامبەر عێراق "بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئێران هیچ ئاسانکارییەکی ئابووری و دارایی بەدەست نەگات،"
ئەو وتەبێژە رایگەیاندووە، هەڵمەتی گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ لەپێناو ئەوەیە "کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت و زیان بە بەرنامە مووشەکی بالیستییەکەی بگات و رێگریش لە پشتیوانی ئێران بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان بکەین."
لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، بەڵام رۆژی شەممە، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش بۆ دواجار نوێی نەکردەوە.
بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بداتە تاران، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، پارەکە دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.
لەبارەی رێکارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، جەیمس هیوت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەست لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەڵبگرن. هیواداراین دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان و ناوچەکەش لەبەرچاو بگرن."
لەساڵی 2018وە ئەمریکا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵبدەن کەمتر پشت بە بە گاز و کارەبای ئێران ببەستن. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، ئەو داوایەی بۆ بەغدا دووپاتکردەوە و وتی "داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین، بەزووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوە وزەییەکانی ئێران بهێنێت."
عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەمدواییانە ئێران هەناردەی گاز و کارەباکەی بۆ عێراق زۆر کەم کردبووەوە
|