توێژەرێکی کورد مەترسیی مادەیەک لەنێو توێکڵی لیمۆ ئاشکرادەکات
2025-03-08
158 جار خوێنراوەتەوە
کوردێک خوێندکاری دکتۆرایە لە سوێد و توێژینەوەیەکی کردووە لەسەر کاریگەرییەکانی مادە قڕکەرەکان کە بۆ لیمۆ بەکاردەهێندرێن، ئەنجامی مەترسیداری هەبووە و دەڵێت: ''تویكڵی لیمۆ مادەی شێرپەنجەیی لەسەرە و نەخورێت''.
ئاوات عەلی، خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی کیمیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵمی سوێد و باسی ئەنجامی توێژینەوەکەی دەکات کە بۆیان دەرکەوتووە، مادە قڕکەرەکان لەسەر توێکڵی لیمۆ دەمێننەوە و کاتێک قاشی لیمۆ دەکرێتە نێو ئاوی خواردنەوە، ئەوا 20٪ـی مادە ژەهراوییەکان تێکەڵ بە ئاوەکە دەبن.
ئاوات عەلیی بە ٧ڕۆژی راگەیاند، مادەی ئیمازەلیل Imazalil وەکو قڕکەر بۆ لیمۆ بەکاردەهێندرێت و مادەیەکی ژەهراوییە، دەشێت ببێتەهۆی شێرپەنجە، هەر بۆیە پێشنیازدەکات، بە ئاو و پاککەرەوە لیمۆکە بشۆردرێتەوە یاخود باشترە توێکڵەکەی نەخورێت.
ئاوات عەلی دەڵێت: ''لە ماوەی 24 کاتژمـیرئەگەر کیلۆیەک لیمۆ تەنیا بە ئاو بشۆردرێتە ئەوا دوو میلیگرام ئیمازەلیل و هاوشێوەکانی دەچێتە نێو ئاوی خواردنەوە و ئەگەر بە ئاو و زاهیی قاپشووشتن بشۆردرێتەوە ئەوا یەک میلیگرام ئیمازەلیل دەچێتە نێو ئاوی خواردنەوە''، ئەمەش واتە بە هەر جۆرێک بێت ئەو مادە ژەهراوییە تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەبێت.
هاوکات دوو سەرچاوە لە عەلوەی سلێمانی و کەلار رایانگەیاند، تائێستا پشکنین بۆ ئەو مادەیە نەکراوە لەسەر بەرهەمی لیمۆ. و بەپێی یەکێتیی ئەورووپا، بەکارهێنانی قڕکەرەکان رێگەپێدراوە بەڵام بۆ هەر کیلۆگرامێک، دەبێت 10 میلیگرام بەکاربێت.
|