وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتە دوو دەڤەر و سەرپەرشتیی فیرقەکان دەکەن

2025-09-29  646 جار خوێنراوەتەوە

راوێژکارێکی سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە 11 فیرقەی پێشمەرگە، 10یان یەکخراونەتەوە و تاوەکو کۆتایی 2026 هەموو پێشمەرگەی کوردستان لەژێر چەتری یەک وەزارەت یەکدەخرێنەوە. وتیشی: "فەرماندەیی و میحوەر نامێنێت و دەبێتە فیرقە و دەڤەر."

بابەکر زێباری راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاندووە، پرۆسەی یەکخستنەوە هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کۆتایی دەڕوات، لە کۆی 11 فیرقە، تەنیا یەکێکیان ماوە یەکبخرێتەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بە تەواوی یەکبخرێنەوە.
 
بابەکر زێباری وتیشی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ سەرخستنی یەکخستنەوەکە."
 
میحوەر و فەرماندەیی دەکرێنە فیرقە و دەڤەر
 
راوێژکارە سەربازییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە وەزارەتی پێشمەرگە میحوەر و فەرماندەیی هەن، بەڵام لە رێکخستنەوەکەدا ئەوانە نامێنن و دەکرێنە فیرقە و دەڤەر.
 
بڕیارە دوو دەڤەری پێشمەرگە دروستبکرێن: "دەڤەرەکان سەرپەرشتیی فیرقەکان دەکەن و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان."
 
بۆچی فیرقە و دەڤەر لە فەرماندەیی و میحوەر باشترە؟
 
لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ''چاکسازیی پێشمەرگە بەردەوامە، هەرچەندە کەمێک بە خاوی بەڕێوەدەچێت و لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەم رۆژانەدا چەند کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک دەکرێن، تاوەکو بتوانین پڕۆسەی چاکسازییەکە زیاتر بەرەوپێش ببەین''.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "بەرنامەکان بەم شێوەیەن کە تاوەکو ساڵی 2026، دوو دەڤەر یاخود یەک هێز لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆبکرێنەوە، کە ئەوە ئەنجامی کۆتاییە و هیواخوازین بە هاوسەنگی و هەماهەنگی جێبەجێ بکرێت".
 
لەبارەی سوودی بڕیارەکە، لیوا بەختیار محەممەد وتی، ''ئەو دوو هێزە رێکخراوتر دەبن، هەم لە رووی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و هەمیش لەڕووی دابینکردنی بودجە و پێداویستییە لۆجستییەکانیانەوە''.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە