لەبارەی داهاتی نانەوتی، بەغدا و هەولێر گفتوگۆی نوێ دەکەن
2025-09-29
218 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەیەکی وەزاریی عێراق راپۆرت لەبارەی داهاتی نانەوتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان دەداتە ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق و تیمی دارایی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا کۆبوونەوە لەبارەیەوە دەکەن بۆ دیاریکردنی بڕی پارەکەی کە بنەمای ناردنی مووچە دەبێت بۆ مانگی ئاب و مانگەکانی دواتر.
بڕیارە سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025 لیژنەی وەزاریی تایبەتی حکومەتی عێراق بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راپۆرتێک بداتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەی وردەکاریی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی دارایی عێراق.
لیژنە وەزارییەکە بە سەرۆکایەتیى محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و ئەندامێتیی پێنج وەزیری دیکەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاندووە "لیژنەکە بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراو دیاری ناکات، بەڵکو بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت روونتر دەکاتەوە و پۆلێنی دەکات."
لە کۆبوونەوەی 23ی ئەیلوولی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا [ئەو لیژنە وەزارییە لە هەفتەیەکدا راپۆرتێک لەبارەی بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئامادە بکات.
بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابوو کە لەسەر بنەمای هەردوو یاسای بودجەی گشتی و کارگێڕی دارایی، دەبێت رسوومات و باجی گومرگ، کرێی موڵکی دەوڵەت و فرۆشتنی بە تەواوی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێ، بەڵام داهاتەکانی دیکەی دەروازە سنوورییەکان جگە لە گومرگ 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێ؛ هەروەها 100%ی داهاتە نێوخۆییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی کە بەگوێرەی یاسا خۆجێییەکان دیاریکراون، بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ، داهاتە فیدراڵییەکانیش بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی هەرێمی کوردستان بە ٧ڕۆژی راگەیاند : "دوای ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت بە بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، تیمی هاوبەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لەبارەی وردەکارییەوە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لەبارەی بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراو رێکبکەون."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەنجامی کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی دارایی نێوان هەولێر بۆ داهاتی نانەوتی رادەستکراوی مانگی ئاب و مانگەکانی دواترە کە بنەمای ناردنی مووچە دەبێت.
کارنامەى کۆبوونەوەى 30ى ئەیوولى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 21 بڕگەیە، بەڵام هیچ پرسێکى تایبەت بە مووچەى هەرێمى کوردستان و رادەستکرنى داهاتى نانەوتى تێدا نییە.
|