زیاتر لە سێ هەزار کەس 7 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن
2025-09-24
93 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە. بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 3000 کەس 7 مووچە بەیەکەوە وەربگرن."
بەرپرسێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی مانگی تەمموز خەرج بکرێ. لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەمموزدا ناوی 3 هەزار و 443 خانەنشین بۆ بەغدا نێردرا و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێ مووچەیان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ خەرج بکرێت."
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "ناوی هەموو خانەنشینان لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئاب بۆ بەغدا نێردرا، دوای ئەوەی هەموو مامەڵەکان تەواوکران، واتە هیچ خانەنشینێک نەماوە."
بە وتەی سادق شێخ عوسمان، هەر کاتێک مووچەی مانگی تەممووز دابەش بکرێت، هەموو ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکانیان لە مانگی تەممووزدا تەواو بووە، 7 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
لە 01-01-2025ـەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی کرا و توانرا مامەڵەی 27 هەزار خانەنشین تەواو بکرێت.
|