بۆچی ئەمریكا رێگەی نەدا محەمەد شیاع سودانی بچێتە نیۆیۆرک؟
2025-09-23
495 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا رێگەی نەداوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداری كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرک بكات و زانیاری هەیە لەبارەی كردنە ئامانجی چەند سەركردەیەكی دیاری عێراق
سەیف رەعد، توێژەری سیاسی و ئەمنی عێراق ئاشكرایدەكات: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداریکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتکردۆتەوە.
سەیف رەعد، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "العهد" رایگەیاند: لە واشنتۆن ناکۆکی ناوخۆیی هەیە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێگەپێدانی جەنگ دژی عێراق، حکومەتی سودانیش نەیتوانیوە رێگایەکی روون لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکاتەوە بۆیە، واشنتۆن نیگەرانەو بەشداریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتکردۆتەوە.
ئەو توێژەرە سیاسیە ئاماژەی بەوەشدا، زانیاریی هەیە لەبارەی هێرشێکی چاوەڕوانكراو که رەنگه سەرکرده دیارەكانی عێراق بە تایبەت بەرپرسی گرووپەچەکدارەکان بکاته ئامانج.
سەیف رەعد راشیگەیاند، عێراق بەدەست دابڕانی دەرەكییەوە دەناڵێنێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیداو پێیوایە، سودانی له سیاسەتی دەرەوەدا شکستی هێناوەو هەڵەی گەورەی كردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ عێراق بەردەوامەو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک گرووپی چەکداری عیراق خرانە لیستی تیرۆری ئەمریکاوەو چاوەروان دەکرێت بە گورزی بەهێزی ئاسمانی پێگەی ئەو گرووپانە بکرێنە ئامانج و هێرشێکی توندیان بکریتە سەر.
|