ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکردا
2025-09-23
272 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی 38ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، تێیدا ژمارەیەک دۆسیەی ئابووری و خزمەتگوزاری تاوتوێ کران و چەند بڕیارێک دران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیارترین ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی وەزیران دران بریتین لە:
- ئاسانکاری بکرێت بۆ پڕۆژەی گەیاندنی هێڵی گازیی 42 ئینجی بۆ وێستگەی کارەبای بەسرە و هێڵەکە بەبێ کرێت بەنێو سایلۆی رەسافەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیدا تێپەڕبێت.
- راسپاردەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پلاتفۆرمی گازی شل پەسند کران کە بە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگ دادەنرێت.
- راسپاردەکانی لیژنەی وردبینیی گرێبەستەکانی وێستگە نەوتییەکانی سەر بە کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق پەسندکران.
- لیژنەکانی کڕین لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان لە رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەدەر دەکرێن.
- ئەو قەرزانەی وەزارەتی کارەبا کە لە ئەستۆی ئەمینداریەتی بەغدا و شارەوانییەکان بوون، سڕانەوە، بەڵام ئەو فەرمانگانە لە 1ی تەممووزی 2026ـەوە دەبێت تێچووی کارەبا بدەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک بۆ پڕۆژە وەستاو و پەکخراوەکان پەسندکران، لەوانە زیادکردنی بودجەی پڕۆژەکانی رێگەی بەسرە-فاو، یاریگەی نێودەوڵەتیی نەینەوا، هۆڵە وەرزشییەکان و پڕۆژەی ژێرخانی شاری سامەڕا.
هەروەها دەسەڵات درایە دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان تاوەکو گرێبەست لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای (HSS)ی مالیزی و (CHSS)ی ئیماراتی بکات و مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێبدات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی دایە وەزیری دارایی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی قەرز لەگەڵ کۆمپانیای (General Electric International Inc.) کە بۆ پڕۆژەی وێستگەی کارەبای گازیی سەدر و پڕۆژەی دابینکردن و جێبەجێکردنی وێستگە لاوەکییەکانی بەیەکەوەبەستنی کارەبای عێراق - ئوردنە.
هەروەها دەسەڵاتی گفتوگۆکردن و واژۆکردنی رەشنووسی رێککەوتنی رێگریکردن لە باجی دوولایەنە و رێکخستنی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی وشکانییەوە لەنێوان عێراق و ئوردن بە وەزیری دارایی سپێردرا.
|