تۆمەتبارانی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەستگیرکران
2025-09-24
166 جار خوێنراوەتەوە
دوو تۆمەتباری روداوی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەستگیرکران کە یەکێکیان لە بەغدا لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیرکراوە و سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتنی ناوبراو بۆ 7ROJپشتڕاست دەکاتەوە.
سەرچاوەیەککی ئەمنی لە گەرمیان بە 7ROJی راگەیاند: دوای هەڵگرتنەوەی شوێنپێی تۆمەتبارانی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم هێزێکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی بەغدا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە هەوڵی داوە بچێتە دەرەوەی وڵات و تۆمەتبارە بە کوشتنی ناوبراو.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد: تا ئێستا ئۆتۆمبێلی کوژراوەکە لەدوای رووداوەکەوە دیارنەماوە دەستیبەسەردا نەگیراوە، بەڵام زانیاری پێویستی لەبارەوە کۆکراوەتەوە، هەروەها یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش لە گەرمیان دەستگیرکراوە.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22ی ئەیلولی 2025 تەرمی ئەکبەری حاجی رۆستەم بە کوژراوی لە باخەکەی خۆی لە گوندی ئۆمەبربلی سنووری قەزای کفری دۆزرایەوە.
بە وتەی شایەتحاڵێکی رووداوەکە پێش تاوانەکە ئەکبەری حاجی رۆستەم بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە خێراییەکی زۆر چووەتە باخەکەی و دوای ماوەیەک کە شایەتحاڵەکە چووەتە باخەکەی بینیویەتی کوژراوە و شوێنەواری گولـلە بەسەریەوە دیاربووە.
هەرلەبارەی رووداوەکەوە جمھوری حاجی رۆستەم کە برای کوژراوەکەیە ئاشکرایکردووە: یەكێك لە بكوژەكان پێشتر بە ماتۆرسیكلێك چاودێری ئەكبەر حاجی رۆستەمی كردووە بەر لەوەی بگاتە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكە و دوای ئەوەی كوشتوویەتی رایكردووە بۆ بەغدا و ئۆتۆمبێلەكەیشی بردووە و فرۆشتوویەتی، دواتر بكوژەكە لە فڕۆكەخانەی بەغدا و لەوکاتەی هەوڵیداوە بچێتەوە دەرەوەی وڵات دەستگیرکراوە.
|