ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ چەند مانگ دەبێت؟

2025-09-24  109 جار خوێنراوەتەوە

حكومەتی هەرێم ئاشکرایدەکات، ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامدراوە بۆ ماوەی سێ مانگەو، بۆ ساڵی داهاتو یاسای نوێی بودجە دێت و داوای بەشی خۆیان لە بودجەدا دەكەن، دەشڵێت، "كەشێكی باش بۆ دانوستان و لێكتێگەیشتن هەیە و ئامادەین بۆ ڕادەستكردنی نەوت".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، گەیشتوەتە 234 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە. پێشبینی دەكەن كە لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر ببێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، كەشێكی باش بۆ دانوستان و لێكتێگەیشتن  لەگەڵ بەغدا هەیە و رێككەوتنەكەیان لەبارەی نەوتەوە بۆ ماوەی سێ مانگە. بۆ داهاتو دەچینەوە دانوستانەوە بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشكرد، ڕەزامەندی دەدەن لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، تا وەزارەتی دارایی فیدراڵیش موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. 

ئەوەشیخستەڕو، هەرێمی کوردستان هەمو ئامادەکارییەکی کردوەو هەر لەگەڵ گەیشتنی موچەی مانگی (تەمموز7)، دەست بە دابەشکردنی دەکەن ئەگەر لە ڕۆژانی پشوشدا بێت. هەروەها لیستی موچەی مانگی (هەشت) ئامادە کراوە و بەمزوانە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە