دی ئێن ئۆ: رێککەوتنێکمان دەوێ قەرزی کۆن و پارەی داهاتوو مسۆگەر بکات
2025-09-23
209 جار خوێنراوەتەوە
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، پێشوازی لە هەواڵی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دی ئێن ئۆ بەردەوام رایگەیاندووە کە تامەزرۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەیە، بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنگەلێک کە دانەوەی قەرزی کۆن و پارەی هەناردەی داهاتوو مسۆگەر بکات."
کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە دەیانەوێت میکانزمی دانەوەی قەرز و شایستە داراییەکانیان بە گوێرەی گرێبەستی بەشکردنی داهات بێت کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردووە.
بیژەن موسەوەڕ رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نەرویجییەکە دەڵێت، ئەو مەترسییە داراییەی لەسەر دی ئێن ئۆ هەیە، "لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە جیاوازە. جێی بایەخە کە وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، ئەو قەرزەی ئێمە کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە، لە زۆر لەوانی دیکە زیاترە، کە بە واتەی ئەوە دێت، مەترسیی گرفتی پارەدان لەسەر ئێمە زۆر گەورەترە بەراورد بەو مەترسییەی لەسەر هەر کۆمپانیایەکی دیکە هەیە."
رەحمانی باس لەوە دەکات، دی ئێن ئۆ ژمارەیەک پێشنیازی بە هەولێر داوە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییە، وەک خۆی دەڵێت، "لە رێگەی چارەسەری ئاسان کە دەکرێت بە خێرایی رێککەوتنی لەسەر بکرێت."
راگەیێنراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دی ئێن ئۆ کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی کار دەکەن، "خەرجییەکانیان زیاد کردووە بۆ ئەوەی ئەو زیانەی لە دوای هێرشە درۆنییەکانی تەممووزی 2025 بەر کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور کەوتبوون، چاک بکەنەوە."
کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات کە "پلان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر دانراوە بۆ ئەوەی 8 بیر لێبدەن، لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ کێڵگەی تاوکێ بۆ ساڵی 2026 بەدەستیهێناوە، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەم و گەیاندنیەتی بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
دی ئێن ئۆ دەڵێت، "ئێستا بەشە نەوتەکەی خۆی بە کاش لە رێگەی تانکەرەوە بە پاڵاوگە خۆجێیەکان دەفرۆشێت، بە نرخێک کە کەمترینی 30 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک."
|