هەسەدە هۆشداری خۆ ڕێكخستنەوەی داعش دەدات

2025-09-22  144 جار خوێنراوەتەوە

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕێكخراوی داعش هەوڵدەدات دوبارەی خۆی ڕێكبخاتەوە و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردو 153 هێرشی ئەنجامداوە. دەشڵێت، "بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 70 ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە و 95 تیرۆریستیان دەستگیرکرد و 30 شەڕڤانیش شەهیدبون".

هەسەدە  لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011، بۆشایی ئەمنیی و ڕێکخراوە توندڕەوەکان كە دیارترینیان ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە، بەرفراوان بون و ئەو ئاژاوەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی هەڕەشەی لەسەر گەلانی ناوچەکە دروست بکەن كە  وێرانکاری، کوشتن و  ئاوارەبونیان لێکەوتەوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، لە نێوان ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە دیمەشق لە 8ی (کانونی یەکەم/2)ـی 2024 بۆ 20ی (ئەیلول/9)ـی 2025، شانەکانی داعش 153 هێرشیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە، ڕێژەیەکەش ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بەمەبەستی ڕێکخستنەوە و فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانی.

هەسەدە باسی لەوەشكرد، لە دوای نەهێشتنی "خەلافەت" لە شەڕی باغۆز لە 2019، شێوازی کارکردنی داعش لە شێوازی "ڕێکخراوی دەوڵەتی"ـەوە گۆڕاوە بۆ تۆڕەکانی شانە و گروپە چەكدارەكان، ئەوەش بوەتە هۆی زیادبونی هێرشە ناوخۆییەکان، تیرۆرکردن و دامەزراندنی شاراوە.

ئەوەشیخستەڕو، بەگشتی هێزەکانمان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 70 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا 95 تیرۆریستیان دەستگیرکرد کە سێ سەرکردەیان تێدابو. هەروەها شەش تیرۆریستیان کوشت کە دو سەرکردە بون و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و بەڵگەنامەی ناسنامەدا گرت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشدا، 30 شەڕڤانی هەسەدە شەهید بون، 12 کەسی دیکەش برینداربون، هەروەها شەش هاوڵاتی مەدەنیش کوژران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە