عێراق وادەی كۆتایی هێنان بە پارەدانی کاش ئاشکرا دەکات

2025-09-22  304 جار خوێنراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق پێشبینی دەکات کە مانگی (تەمموز/7)ی ساڵی داهاتو، کۆتا وادە دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە پارەدانی کاش لە هەمو دامەزراوە حکومییەکان و دامەزراوەکانی دیکەی وڵاتەكەی.

د. زرغام موسا، بەڕێوەبەری چاودێری دامەزراوە داراییە نانابانکەکان لە بانکی ناوەندی، بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی ڕاگەیاند، "بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی یاساکان و کۆنترۆڵەکاندا و بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و پسپۆڕانی وەزارەتەکانی دیکە، پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری پارەدانی ئەلیکترۆنیدا بەدەستهێناوە".

ئاماژەی بەوەشدا، "تریلیۆنان دینار بە شێوەی ئەلیکترۆنی دراون، جگە لە نەبونی مامەڵەی کاش لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوی، ئەوەش نایابە و بەهیواین ئەم ئەزمونە بۆ هەمو وەزارەتەکانی دەوڵەت فراوان بکرێت".

ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق ڕونیشی کردەوە، "زیاتر لە دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ هاندانی دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ چونە ناو چوارچێوەی پارەدانی دیجیتاڵی ئەلیکترۆنی". هەروەها پێشبینی کرد، کە "عێراق بە تەواوی مامەڵەی کاش لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە لە مانگی (تەمموز/7)ـی ساڵی داهاتو كۆتایی پێ دەهێنێت".

لای خۆیەوە خالید جابری، سەرۆکی "دامەزراوەی بنەماکان بۆ گەشەپێدانی ئابوری و گەشەپێدانی بەردەوام" وتی، "بەردەوامبون لە چاکسازییەکانی هەردو سیاسەتی دارایی و نەقدی و هێڵەکانی چاکسازی بانکی هەیە، جگە لە چاکسازی گومرگی و مامەڵەکانی باج و مامەڵەکانیان".

جابری، لە وتارێکیدا بۆ "سەباح" وتی، "ئەم چاکسازییانە ناتوانن لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی مامەڵەکانی کاش بەم خێراییە کۆتایی پێبهێنن، چونکە پێویستیان بە بابەتی یاسادانان و ڕێکخستنەوەی هەندێک ڕێوشوێنی دیاریکراو و زۆر وردەکاری دیکە هەیە"، و جەختی لە "پێویستی بە کارێکی بەردەوام کردەوە کە مامەڵەی کاش لە قۆناغی داهاتودا کەم دەکاتەوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە