ئەردۆغان ئامانجی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ ئاشکرا دەکات
2025-09-20
231 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، لەو باوەڕەدایە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (NSosyal) پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە بڕیارە رۆژی 25ـی مانگ لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێ.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "لە دیداری هاوتا و دۆستە بەڕێزەکەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێ، پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵات و لەسەرووی هەموویانەوە پرسەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و پیشەسازیی بەرگری و زۆر بابەتی دیکە تاوتوێ دەکەین."
ئەردۆغان نوسیوویەتی: "لەو باوەڕەدام دیدار لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، لە چوارچێوەی روانگەی هاوبەشی ئاشتیی جیهانیمان، یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا و هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵات بەهێزتر دەکات".
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "خۆشحاڵم 25ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی میوانداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکەم."
ترەمپ وتی: "لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کار لەسەر زۆر گرێبەستی بازرگانی و سەربازی دەکەین، لەنێویاندا کڕینی ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی بۆینگ، گرێبەستێکی گەورەی فڕۆکەی F-16 و بەردەوامبوونی گفتوگۆ سەبارەت بە فڕۆکەی F-35 کە پێشبینی دەکەین بە شێوەیەکی ئەرێنی تەواو بێت".
دوایین سەردانی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی، لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ساڵی 2019 بوو.
ترەمپ دەڵێت: "من و سەرۆک ئەردۆغان بەردەوام پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. چاوم لەوەیە لە 25ی ئەیلوول بیبینم."
|