مەسرور بارزانی: بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتن
2025-09-20
231 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاو بنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی شێخان - لالش لە پارێزگای دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ''بێگومان هەر کارێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین، کەمە، بەتایبەت بۆ ئەم دەڤەرە کە لە بواری مێژوویی، ئایینی و پێکەوەژیانەوە گەلێک گرنگە.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی کوردانی ئێزدی کرد و وتی، ''خوشک و برایانی ئێزدیمان بەشێکی رەسەنی کوردستانن و هەر وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، ئێزدی کوردی رەسەنن. بۆیە بە هیچ شێوەیەک لە یەکدی جیا نابینەوە.''
سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد، پڕۆژەکە بە ستانداردێکی جیهانی جێبەجێ کراوە و ''ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە سنووری شێخان جێبەجێ دەکرێن کە هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسانتر دەکەن و رووداوە نەخوازراوەکانی هاتووچۆش کەم دەکەنەوە.''
بەردی بناغەی پڕۆژەکە 21-09-2024 دانرا، درێژییەکەی نزیکەی 10 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 26 ملیار دینار دروستکراوە.
''پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێ''
مەسرور بارزانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیانی کوردانی ئێزدی بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، ''هەولێکی جدیمان دا بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ژمارەیەک هێزی لەیاسادەرچوو و خۆسەپێنەوە جێبەجێ نەکراوە.''
سەرۆکی حکومەت داوا لە بەغدا دەکات ''هەنگاوی پێویست بنێت و ئاسانکاری بکات بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بە سەربەرزیەوە بگەڕێنەوە شنگال.''
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال لە 3ی ئابی 2024دا، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران. و بە هەزاران ئێزدیش ئاوارە بوون.
''گفتوگۆکانمان لەسەر پرسی مووچە بەردەوامن''
مەسرور بارزانی باسی لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ''گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر دابینکردنی بودجە و مووچە بەردەوامن.''
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ''زۆر جار وتوومە، ناردنی مووچە هیچ ئاستەنگێکی لە بەردەمدا نەماوە، بە راستیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هیچ ئاستەنگێک دروست نەکراوە. هەموو جار هەر بیانوویەک هەبووبێ، ئێمە هەوڵمان داوە نەیهێڵین، بۆ ئەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت.''
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. مەسرور بارزانی دەڵێت، ئاگادار کراوەتەوە کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە ''تێگەیشتن و رێککەوتن''ـێک دروست بووە و ''هیوام وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو رێککەوتنە ببێتە واقیع و جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەک. ئەوە دەبێتە دەستپێکێکی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکانـی بەردەم ناردنی مووچە.''
مەسرور بارزانی هیوای خواست حکومەتی عێراق پابەندیی خۆی بەرامبەر شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و ''چیدیکە بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی رۆژانە. هیوام ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی.''
سەڕەڕای ئەوەی 20 رۆژ لە مانگی ئەیلوول تێپەڕیوە، هێشتا بەغدا مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
|