ترەمپ: بڕواناکەم پێشنیاری نوێی ئێران قبووڵ بکەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
319 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێران پلان و پێشنیازێکی نوێی بۆ واشنتن ناردووە، بەڵام دەڵێت پێناچێت قبووڵی بکەن، چونکە پێیوایە تاران هێشتا باجی تەواوی نەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: "بەم زووانە پێداچوونەوە بەو پلانەدا دەکەم کە ئێران تازە بۆی ناردووین، بەڵام ناتوانم بهێنمە پێش چاوم کە جێگەی قبووڵکردن بێت."
سەبارەت بە هۆکاری قبووڵنەکردنی پێشنیازەکە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوان [ئێران] هێشتا باجی گەورە و پێویستیان نەداوە لە بەرامبەر ئەوەی لە 47 ساڵی رابردوودا بەسەر مرۆڤایەتی و جیهاندا هێناویانە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ نووسیویەتی: "سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم پرسە! سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها پێش سەرکەوتنی بۆ نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی بۆ واشنتن، لە فڕۆکەخانەیەکی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دواتر زانیاریتان لەبارەیەوە پێدەدەم، ئێستا دەقە تەواوەکەم دەدەنێ."
هەردوو ئاژانسی نیمچە فەرمیی ئێران، تەسنیم و فارس، کە نزیکن لە سوپای پاسدارانەوە، بڵاویانکردەوە، تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی 14 خاڵیی داوەتە واشنتن، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی 9 خاڵیی ئەمریکا.
لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی پێشووتری ئێرانی رەتکردەوە، بەڵام دانوستاندنەکان هەر بەردەوامن و وا دیارە ئاگربەستە سێ هەفتەییەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
|