ئامەدسپۆر بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا گەیشتە خولی نایابی تورکیا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

یانەی ئامەدسپۆر، دوای یەکسانبوونی لەگەڵ یانەی ئیدرسپۆر گەیشتە (سوپەرلیگ) خولی نایابی تورکیا.
 
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، ئەمڕۆ یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون.
 
ئەم یەکسانبوونە لەکاتێکدابوو کە ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەرەکەی ئامەدسپۆر بوو، یەکسان بوو و نەیتوانی لە یانەی پەندیک سپۆر بباتەوە کە ئەم ئەنجامە وایکرد ئامەدسپۆر راستەوخۆ سەربکەوێت.   
 
ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە کۆی 38 یاری و لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایابی تورکیا.
 
ئامەدسپۆر دووەمین بلیتی گەیشتن بە خولی نایابی بەدەستهێنا. هاوکات ئەرزەڕۆم سپۆر بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ بلیتی یەکەمی بەدەستهێنا و زووتر ئەمەی مسۆگەر کردبوو.
 
پێنج یانەی دیکەی خولی پلە یەکی تورکیا (سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەم) بۆ بەدەستهێنانی بلیتی سێیەم دەکەونە رکابەری و یەکێکیان سەردەکەوێتە خولی نایاب.
 
دوو گۆڵکاری ئامەدسپۆر لە لیستی پێنج یەکەمین گۆڵکارانی خولەکەن.
 
مبایێ دیاگنێ بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە. هەروەها فلۆرێنت هاسانی کە ئەویش یاریزانی ئامەدسپۆرە، بە 19 گۆڵ چوارەمی لیستی گۆڵکارانە.
 
گۆڵکارەکەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، مبایێ دیاگنێ کە یاریزانی ئامەدسپۆرە گوتی: "ئەوە گەیشتینە خولی نایاب! ساڵی داهاتوو دەبمە گۆڵکاری ئەو خولەش. چاوەڕێم بکەن، من هاتم".
 
ئەرجە کاردێشلەر، گۆڵچیی یانەی ئامەدسپۆر گوتی: "ئێمە هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە خۆمان بۆ ئەم ساتە ئامادەکرد و هەوڵمان بۆی دەدا. ئێمە و جەماوەریشمان باوەڕمان بەوە دەکرد کە دەبینە پاڵەوان. بەڵێ جار و بار تووشی سەختی بووین، بەڵام دواجار گەیشتین. سوپاس بۆ خوای گەورە. من دەزانم شاری دیاربەکرد خولی نایابی لێ دەوەشێتەوە".
 
لەدوای یارییەکە هاندەرێکی یانەکە دوای یارییەکە پڕ بە دەنگی هاواری کرد و وتی، "چەندین ساڵە دەڵێن، ناگەنە خولی نایاب، وەڵا ئەوە گەیشتین".

ژنە هاندەرێکی دیکەی یانەکە لە خۆشیی بردنەوەی یانەکەی و سەرکەوتنی بۆ خولی نایاب، لە بەردەم پەیامنێری رووداو لە خۆشییان قسەی بۆ نەدەکرا. 
 
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
 
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
 
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
 
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
 
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
 
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
 
وەرزی ئەمساڵیش بووە دووەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە