کەی نەشتەرگەری جوانکاری لووت پێویستە؟
2025-08-25
127 جار خوێنراوەتەوە
مەبەست لە جوانکاری لووت و رێککاری شێوەی دەرەوەی لووته کە یەکێکە لەو نەشتەرگەرییە باوانەی ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، دەتوانرێت لەو رێگەیەوە چارەسەری لووت گیران و باشترکردنی رێرەوی ھەناسە بکرێت کە ھۆکارەکەی شکانی ئێسکی لووت و شێواوی و خواری کۆڵەکەی لووت بێت، لەگەڵ جوانکاری شێوەی دەرەوەی لووت و گونجاندنی لەگەڵ دەم وچاو و ڕوو.
د.هەردی سیروان پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی قورگ و لووت و گوێ و جوانکاری لووت و گوێ لەم بابەتەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە کەی ئەم نەشتەرگەرییە پێویستە.
1- سەرەتا پێویستە نەخۆشەکە پێش نەشتەرگەری ببینرێت و پشکنین بۆ دەرەوە و ناوەوەی لووتی بکرێت وە لە چەند ڕوویەکەوە وێنەی بگیرێت تاوەکو خواری ئێسک و کرکڕاگە و جۆری پێستی دیاریبکرێت، چونکە پێستی تەنك زیاتر خواری و ناڕێکی لووت دەردەخات و پێستی ئەستور و گۆشتن کەمتر شێوەو دەرکەوتەی لووت و ئەنجامی نەشتەرگەریەکە ئاشکرا دەکات و پێویستی بە 12 بۆ 24 مانگ ھەیە تا ئاوساوی و قۆناغی چاكبوونەوە تێبپەرێنێت بە بەراورد بە پێستی تەنکی لووت کە پێویستی بە 6 بۆ 12 مانگ ھەیە.
2- ئەو کەسەی بڕیاری جوانکاری لووت دەدات پێویستە لە رووی دەروونییەوە ئامادەبێت و دوودڵ و ڕاڕا نەبێت چونکە نەشتەرگەرییەکە شێوەی دەم وچاو بە گشتی و لووت بە تایبەتی دەگۆڕێت ئەگەر نا وا باشترە نەشتەرگەرییەکە ئەنجام نەدات کاتێک کێشەی دەروونی ھەبێت.
|