100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیانی عێراق دابین دەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ 100 گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەکرێن. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، گواستنەوەی حاجیان تاوەکو 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رایگەیاند، "100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە تەرخانکراون. سەرەتا رۆژانە چوار گەشت دەکرێن و دواتر بەگوێرەی زۆریی ژمارەی حاجیان، گەشتەکان بۆ 7 گەشتی رۆژانە زیاد دەکرێن."
مەیسەم سافی راشیگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیان تاوەکو 17ی ئایار بەردەوام دەبێت. تائێستاش یەکەم گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەسرە و بەغداوە بەرەو سعودیە دەستیان پێکردووە.
یەکەم گەشتی هەرێمی کوردستان کەی دەبێت؟
ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ فەریزەی حەج بەڕێدەکەون. رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج، بە میدیاکانی راگەیاند، رۆژی 7ـی ئایار یەکەم گەشتی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەستپێدەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانیش رۆژی 8ـی ئایار دەبێت. هەموو گەشتەکانیش لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد"حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا، واتە لە 7 بۆ 17ی ئایار، هەموویان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەگەیێندرێنە سعودیە."
پێشتر بڕیار وابوو گەشتی حاجییان بە رێگەی وشکانی یان بەشێکی بە وشکانی تا دەروازەی عەرعەر بێت، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا و کرا بە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ بۆ هەموو حاجییان.
|