ئێران: تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتنە؛ دانوستان یان جەنگ

2   کاتژمێر پێش ئێستا  179 جار خوێنراوەتەوە

کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، بڕیار لە دەستی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی هەڵبژێرێت ئایا بەرەو رێککەوتن و دانوستان هەنگاو دەنێت یان دەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران بۆ هەردوو ئەگەرەکە ئامادەیە.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز و سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکانی نیشتەجێی تاران رایگەیاند: "ئێران پلانەکەی خۆی پێشکەشی نێوەندگیری پاکستان کردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە سەپێندراوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی".

وتیشی: "ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە بۆ ئەوەی رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت یان بەردەوام بێت لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوە".

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بۆ هەردوو رێگاکە ئامادەیە بە ئامانجی دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات.

ئەم لێدوانەی کازم غەریب ئابادی لە کاتێکدایە، دوای نزیکەی 40 رۆژ لە جەنگ، ئەمریکا و ئێران لە دانوستانەکانیان بە نێوەندگیری پاکستان نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئێستا تاران پێشنیازی نوێی لە رێگەی حکوومەتی ئیسلامئابادەوە پێشکەش بە واشنتن کردووە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی ئێران ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنی ئەمریکی تاوەکوو ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکەی ئێرانی نەداوەتەوە و دیار نییە ئاخۆ واشنتن بە پێشنیازەکانی ئێران رازی دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ یاخود نا. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە