مێسی نهێنیی چوونی بۆ خولی ئەمریکا ئاشکرا دەکات
2025-03-02
90 جار خوێنراوەتەوە
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەر مەیامی باسی لە نهێنیی چوونی بۆ یانە ئەمریکییەکە لە هاوینی 2023دا کردووە، پاشئەوەی گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کۆتایی هات.
مێسی چەندین بژاردەی لەبەردەمدابوو لەدوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە، لەنێویاندا گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، یان گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا یان چوونە هیلالی سعودی کە دەستەوارەیەکی خەیاڵیی پێشکێشی ئەو یاریزانە کرد، بەڵام مێسی لە کۆتاییدا، ئینتەر مەیامیی هەڵبژارد.
لیۆنێل، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا دەڵێ، "ئینتەر مەیامی، سەرنجیڕاکێشام، یانەکە، گەشە دەکات و پێشدەکەوێت، ویستم بێمە ئێرە تاوەکو رۆڵم هەبێت لە گەورەکردنی یانەکەدا، هەروەها بۆ ئەوەی هێزێکی زیاتر ببەخشمە ئایکۆنی بازرگانیی یانەکە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەموو کات بیرم لەوە دەکردەوە لە رێگەی خولی ئەمریکییەوە ئاڵنگارییەکی نوێ تاقیبکەمەوە، ئەمە خولێکە خێرا و جەستەییە، زۆر یاریزانی بەهرەمەندی گەنج هەن لە خولەکەدا".
مێسی باسی لە شێوازی یارییکردنی یانەکانی خولی ئەمریکی کردووە و دەڵێ، "هەموو تیپەکان هەوڵدەدەن هێرشبەرییانە یاریی بکەن، هەمووان دەیانەوێت گۆڵ تۆمار بکەن، لەبەرئەوە یارییەکان کراوە دەبن".
لەبارەی بەشداریی ئینتەر مەیامی لە مۆندیالی یانەکان، ئەو دەڵێ، "ئەوە شتێکی زۆر گرنگە بۆ یانەکە و بۆ خولەکەش، ئەمە هەلێکی مەزنە بۆ دووپاتکردنەوەی گەشەکردنی پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەت کە ئەمریکا دوو نوێنەری هەیە".
کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبارەی ئامانجەکانییەوە لەگەڵ یانەکەی دەڵێ، "تیپەکەی ئێستا بۆ بردنەوەی نازناوەکان دروستکراوە، یاریزانەکان زۆر بەباشی گونجاون، لەبەرئەوە ئامانجەکە بەردەوامبوون و بەدەستهێنانی نازناوەکانە، دەمانەوێت هاوکاریی یانەکە بکەین گەشە بکات و یاریزانە لاوەکان هەلیان هەبێت".
مێسی لە ماوەی یارییکردنی لە خولی ئەمریکا، بەشداریی لە 42 یاریی یانەکەیدا کردووە و 36 گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە.
|