پێکێ: تا مردن لەدژی ریال مەدرید دەجەنگم
2025-02-27
112 جار خوێنراوەتەوە
جیرارد پیکێ، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باسی لە چەندین بابەتی جیاوازی ژیانی خۆی کردووە، دووپاتیکردەوە تاوەکو مردن لە دژی ریال مەدرید دەجەنگێت.
پیکێ، کە یەکێکە لە سیمبوولە مێژووییەکانی نەوەی زێڕینی بارسێلۆنا لە ساڵانی رابردوو و رۆڵی هەبوو لە باڵادەستبوونی یانەکە بەسەر ئیسپانیا و ئەورووپا، باسی لە ئەگەری بوون بەسەرۆکی یانەکە کردووە و دەڵێ، پێویستم پێی نییە.
پیکێ، لە پۆدکاستێکی ئیکەر کاسیاس، گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشداریی کردووە، باسی چەندین بابەتی جیاواز بەژیانی خۆی کردووە.
ئەو بەرگریکەرەی بارسێلۆنا کە ساڵی 2022 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا، دەڵێ، "کارەکە بۆ من وابوو، یان بارسێلۆنا یان هیچ. لەبیرمە کاتێک ئینریکێ بووە راهێنەری تیپەکە، کەسێک هەوڵیدەدا من بکاتە یەدەگ، بەڵام ئینریکێ دۆخەکەی بۆ روونکردمەوە و پێی گوتم کە ئەوە دەیەوێت دەماری من بگرێت، هەربۆیە یاخیبووم و دۆخەکەم هەڵگێڕایەوە".
هەروەها دەڵێ، "لەکۆتایی 2022 هەڵسەنگاندنم بۆ هەموو شتێک کرد، هەستەکە ئەوەبوو کە من ئیدی ناتوانم بەردەوام بم. هەندێک شت هەبوون نەمدەتوانی کۆنترۆڵیان بکەم لەوکاتەدا، تیپەکە هەستیدەکرد کە ناتوانێت لەداهاتووی نزیکدا دۆخەکە بگۆڕێت، هەربۆیە منیش وازم هێنا".
لەبارەی ئەگەری بوون بەسەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ئەو بەرگریکەرەی پێشوو دەڵێ، "زۆرجار لەسەر ئەو بابەتە پرسیارم لێکراوە، منیش دێم و هەڵسەنگاندن بۆ باشی و خراپییەکانی دەکەم. بوون بەسەرۆکی بارسێلۆنا قوربانیی زۆری دەوێت، زۆر زیاتر لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی وەرگرتنی پۆستەکە".
پیکێ دەڵێ، "هەموو سەرۆکەکان قوربانیی زۆریانداوە و ئەوەش لەسەرووی ئەو دەستکەوتەوەیە کە بەدەستی دەهێنیت لە کارەکەدا. من پێویستم بەوە نییە، بەڵام ئەگەر یانەکە رۆژێک لە رۆژان پێویستی بەکەسێک بێت کە لە منداڵییەوە لە یانەکە بووە، بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ دەگرم و دەبێ لەوێ بم. چونکە بارسێلۆنا هەموو شتێکی بەمن بەخشی و ئەوەی ئێستا هەمە، بەهۆی یانەکەوەیە".
پیکێ کە بەکەتەلۆنییەکی سەربەخۆخواز ناسراوە دەڵێ، "لەبارسێلۆنا زۆر شت فێربووم. باپیرم کارتی ئەندامێتی بارسێلۆنای دامێ بەرلەوەی کارتی نیشتمانیی وەربگرم. من زۆر قەرزاری یانەکەم، ئەگەر ببینم رۆژێک لە رۆژان پێویستی پێمە، بەدڵنیاییەوە لەوێ دەبم".
پیکێ باسی لە دژایەتیی راستەوخۆی لەگەڵ هاندەرانی ریال مەدرید کردووە، ئەو دەڵێ، "هەموو کات ئەو رکابەرییەم وەک پاڵنەرێک بینیووە. بارسێلۆنا پێویستی بەریال مەدریدە و ریال مەدریدیش پێویستی بەبارسێلۆنایە، ئەمە رکابەرییەکی ناوازەیە".
روونیدەکاتەوە، "بەهۆی نازناوەکان و مێژووەوە، دەتوانم لەوە تێبگەم بۆچی خەڵک مەدرید بەباشترین یاریزانی مێژوو دەبینن، بەڵام بارسێلۆنا جیاوازە و لە مەدرید ناچێت. لە زۆر لایەنەوە ئێمە باشترین و هەست بەشانازییەکی گەورە دەکەم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ پشتگیریی ئەو رکابەرییە بکەین، بەڵام من هەتا مردن لەدژی ریال مەدرید دەجەنگم، ئێمە مرۆڤین و پێویستە راستگۆ بین".
پیکێ، ساڵانێکی بەرچاو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش یارییکردووە و یەکێکە لە ئەستێرەکانی دەستکەوتە مێژووییەکەی ئیسپانیا بەبەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2010.
|