راهێنەرێکی لەشجوانیی لەنێو هۆڵێکی هەولێر گیانی لەدەستدا
2025-02-26
180 جار خوێنراوەتەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، وائل ئەیادی راهێنەری لەشجوانیی عێراقی لەنێو هۆڵێکی لەشجوانیی شاری هەولێر بێهۆشبووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
ئەو کەسانەی لە رووداوەکەوە نزیکبوون رایانگەیاند، وائیل ئەیاد لەکاتی گەیشتنی بۆ نێو هۆڵەکە، لەناکاو هەستی بەتەنگەنەفەسیی کردووە، و پاشان بووراوەتەوە.
کەسەکانی نزیک لە رووداوەکە دەڵێن، دوای بێهۆشکەوتنی، کارمەندانی هۆڵەکە، راهێنەرەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، پزیشکان هەوڵی رزگارکردنیان داوە و ئۆکسجینیان بۆ داناوە، بەڵام لە دوای نیو کاژێر گیانی لەدەستداوە.
بەقسەی کەسە نزیکەکانی ئەو راهێنەرە، تەرمی وائل ئەیاد، لە پزیشکی دادی هەولێرە، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی.
وائل ئەیاد، خەڵکی بەغدا بوو، خێزاندارە و زیاتر لە 10 ساڵە ژیانی هێناوەتە شاری هەولێر، لەسەر ئاستی عێراق وەک یاریزان خاوەن دەیان میدالیا و دەسکەوتە، سەرپەرشتی ژمارەیەک لەشجوانی هەولێری دەکرد کە توانیان میدالیای پاڵەوانێتیی کوردستان و عێراق ببەنەوە.
وەرزشوانی کۆچکردوو پێشتر هۆڵی یاریی لەشجوانی لە شاری زەیتوون هەبووە، بەڵام چەند مانگێکە لەو هۆڵەی کە تێیدا کۆچی دوایکرد بووبووە راهێنەر.
|