ئەو کەسە کێیە کە مێسی خەریکبوو بیخنکێنێت؟
2025-02-26
135 جار خوێنراوەتەوە
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی، لە دوایین یاریی تیپەکەی بەرامبەر نیویۆرک سیتی لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەمریکی، کۆنترۆلی خۆی لەدەستدا و لە پشتەوە ملی ناوبژیوانێکی گرت، کە پێدەچوو ئازاری ناوبژیوانەکەی دابێت.
ئینتەرمەیامی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ نیویۆرک یەکسان بوو، کە لە یارییەکەدا مێسی گۆڵی نەکرد، بەڵام هەردوو گۆڵی تیپەکەی دروستکرد.
لیۆنێل مێسی لە یارییەکەدا لەگەڵ رۆزندۆ مێندۆزا ناوبژیوانی یارییەکە تووشی دەمەقاڵێ بوو، هەروەها جوڵەیەکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامدا و دوای یارییەکە ملی کەسێکی لە یاریگادا گرت وەک ئەوەی بیەوێت بخنکێنێت.
ئەو کەسەی دوای یارییەکە مێسی لێی تووڕە بوو، مەهدی بلۆشی مەغریبی بوو، یاریدەدەری راهێنەری یانەی نیویۆرک سیتی ئەمریکی بوو، کە پێش ئەوەی مێسی هەنگاوە سەرسوڕهێنەرەکەی ئەنجام بدات، لەگەڵ مێسی تووشی دەمەقاڵێ بووبوو.
مەهدی بلوشی کێیە؟
مەهدی بلوشیی مەغریبی، تەمەن 41 ساڵ، یاریزانی پێشووی یانەی رەجا بەیزاوی مەغریبی بوو، پێش ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوات.
مەهدی بلوشی بۆ تیپەکانی لاوانی مەغریب یاری دەکرد، بەڵام بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئەو وڵاتە یاری نەکردووە، لەکاتێکدا ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست ئەزموونی زۆری لە ئەمریکا هەبوو لەگەڵ یانەکانی سی یو بلوزایز، برۆنکۆس و سالت لەیک و بۆڵدەر.
جێگای سەرنجە پێشتر بلوشی لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 یاری بۆ یانەی نیویۆرک سیتی ئێف سی کردووە پێش ئەوەی واز لە یاریکردن بهێنێت دوای ئەوەی لە ژیانی وەرزشیدا 217 یاری ئەنجامدا.
بلوشی لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 لەگەڵ تیپەکانی لاوانی یانەی نیویۆرک سیتی ئێف سی کاری کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە ستافی تەکنیکی تیپی یەکەمی یانە ئەمریکییەکەوە بکات.

|