ریال مەدرید ڕاگیرا و بە ریال بێتیس دۆڕا، دابەزییە پلەی سێیەمی لالیگا

2025-03-02  105 جار خوێنراوەتەوە

یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-1 بەرامبەر ریال بێتیس دۆڕا.
 
لە گەڕی 26ی خولی ئیسپانیدا، یانەی ریال مەدرید میوانی ریال بێتیس بوو و ئەو یانەیە چاوی لەوە بوو بە بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە، لە رکابەریی بردنەوەی لالیگا بمێنێتەوە.
 
یارییەکە دەستیپێکرد و هێرشەکانی ریال مەدرید بەردەوامبوون، لە خولەکی 10، براهیم دیاز گۆڵی یەکەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و ئەو یانەیەی پێشخست، بەڵام دوای گۆڵەکەی ریال مەدرید، یارییەکە گۆڕا و یانەی ریال بێتیس کۆنترۆڵی یاریگەی کرد، گوشارە بەهێزەکەی ریال بێتیس بەردەوامبوو و بووە هۆی کشانەوەی یانەی ریال مەدرید بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەنجامی ئەو گوشارە، گۆڵی یەکسانبوونی ریال بێتیس بوو، ئەو یانەیە لە خولەکی 34 گۆڵی یەکەمی لە رێی جۆنی کاردۆسۆوە تۆمارکرد.
 
نیوەی دووەم دەستیپێکرد و بێتیس لە هێرشبردن نەوەستان، ئەو یانەیە بە شێوازی یاریکردنیان ریال مەدریدیان شۆککرد و گوشارەکەیان سەختتر دەبوو لەسەر یانە مەدریدییەکە، لە خولەکی 54 هەڵەیەکی روودیگێر بووە هۆی لێدانی سزا بۆ ریال بێتیس و ئیسکۆ، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، لێدانە سزاکەی جێبەجێکرد و گۆڵی دووەمی ریال بێتیسی تۆمارکرد، ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئاهەنگگێڕانی ئەو یاریزانە بوو کە چەندین ساڵ لە یانە مەدریدییەکە بووە پێشتر.
 
یارییەکە بەردەوامبوو و هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامبوون، بەڵام یاریزانانی ریال بێتیس توانیان پارێزگاری لە پێشکەوتنەکەیان بکەن و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
 
ئیسکۆ دوای تۆمارکردنی گۆڵێک و ئەنجامدانی ئەسیستێک، وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا.
 
ریال بێتیس دوای ئەم بردنەوەیە، لە پلەی شەشەمی لالیگا جێگیربوو، یانەی ریال مەدرید لەلایەکی دیکەوە، بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی دووەم دەمێنێتەوە و ئەگەر یانەی بارسێلۆنا لە یاریی داهاتوودا براوە بێت، جیاوازییان دەبێتە 3 خاڵ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە