یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لێکۆڵینەوە لە ریال مەدرید دەکات

2025-02-26  84 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی رێککاری لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دۆسێی لێکۆڵینەوەی لە دژی یانەی ریال مەدرید کردەوە، پاشئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، بەفەرمی لای لیژنەکە سکاڵای لەسەر یانەی ریال مەدرید تۆمارکرد، بەهۆی ئەو بڵاوکراوە تووندەی لە دژی ناوبژیوانان دەریکردبوو.
 
کێشەکە بۆ ئەو بڵاوکراوە تووندە دەگەڕێتەوە کە لە سێی ئەم مانگەدا ریال مەدرید لە دوای یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل بڵاویکردەوە و بەتووندی رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانانی یارییەکە و ڤاریش گرت.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەکەیدا وایداناوە کە ناوبژیوان سنووری هەڵە مرۆییەکانی تێپەڕاندووە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ حاڵەتەکان کردووە. ئاماژەی بەوەداوە خاوێنیی کاری ناوبژیوانان لە ژێر پرسیاردایە.
 
لە دوای ئەو بڵاوکراوەیە، ریال مەدرید دوو یاریی دواتری لە خولی ئیسپانیادا بەیەکسانبوون کۆتایی پێهێنا و ئەوە وایکرد یانەکە لە هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان بەردەوام بێت.
 
یانەکە نیگەرانیی خۆی لەو لێدوانی سزایە دەربڕی کە لە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەری ئەژمارکرا، هەروەها ئەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر ئۆسەسۆنا درایە جود بێلینگهامی یاریزانی یانەکە و چاوپۆشینی ناوبژیوان لە ئەژمارکردنی لێدانی سزا بۆ یانەکە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات لەسەر دۆخێیەکە و دادوەرێکی تایبەت دەستنیشانکراوە بۆ بەدواداچوونی دۆسێیەکە.
 
پێشبینیکراوە، ئەو دادوەرە پاش لێکۆڵینەوەکان، لەماوەی شەش تاوەکو هەشت هەفتەدا، ئەنجامەکان بداتە لیژنەی رێککاری یەکێتییەکە و پێشنیازی خۆی لەبارەی ئەگەری سزادانی ریال مەدرید ئاشکرا بکات.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، پێشبینیکراوە ریال مەدرید یان ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەکەی رووبەڕووی سزا ببنەوە.
 
دادوەری دۆسێیەکە دەتوانێت داوای سزادانی ریال مەدرید یان لابردنی لێکۆڵینەوەکان لەسەر یانەکە بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە