لەپەرلەمانی عێراق، ئەمریکا و ئێران کامیان براوە دەبن؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

داهاتووی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراقدا بووەتە خاڵی سەرەکیی ململانێیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی چڕ کە لە نێوان فشاری ناوخۆیی بۆ بەهێزکردنی پێگەی یاسایی و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکاندا گیری خواردووە.

لە کاتێکدا سەرۆکی دەستەی حەشد داوای تێپەڕاندنی یاساکە وەک "ئەرکێکی نیشتمانی" دەکات، ئەمریکاش نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی بەهێزکردنی زیاتری ئەو هێزە بە پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت، هاوکات حەشدی شەعبیش ئامادەکاریی ئەمنی و خزمەتگوزاریی بەرفراوان ئەنجام دەدات.
 
فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە پەیامێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد دەنگ بە پڕۆژەیاسای نوێی دەستەکە بدەن و بە "ئەرکێکی نیشتمانی و وەفایەک بۆ شەڕکەران" ناوی برد کە وەڵامی مەرجەعیەتیان دایەوە و شکۆی نیشتمانییان پاراست، بەڵام ئەو هەنگاوە رووبەڕووی نیگەرانیی جددیی ئەمریکا بووەتەوە. 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، "نیگەرانیی ئەمریکای" سەبارەت بە دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی دووپاتکردووەتەوە. ئەمە دوای پەیامێکی هاوشێوەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هۆشداری داوەتە سودانی بەهیچ شێوەیەک پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لەپەرلەمانەوە تێپەڕ نەبێت و دەنگی لەسەر نەدرێت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم ململانێ سیاسییە، حەشدی شەعبی رۆڵی خۆی فراوانتر دەکات. سەجاد عەبدوڵڵا ئەسەدی، فەرماندە لە حەشدی شەعبی ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە چوارچێوەی پلانێکی ئەمنیی فراواندا ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەیان لە باکووری بابل، کەربەلا و بیابانی نەجەف ئەنجامداوە. هەروەها بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لەسەر رێگە سەرەکییەکان بڵاوەیان پێکراوە و خزمەتگوزاریی پزیشکی و لۆجیستییان بۆ زیارەتکاران دابین کردووە، کە ئەمەش کاریگەری و قورسایی ئەم هێزە لە گۆڕەپانی عێراقدا زیاتر نیشان دەدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە