وەزیری كارەبا: خزمەتگوزارییەكانمان، عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیھانی سەرسام كردوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارەبای 24 کاتژمێری و ئاوی پاکی خواردنەوە دیدگا و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت بوە و ئەو وەرچەرخانە ھاوڵاتیانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیھانی سەرسام كردوە. دەشڵێت، "زۆر لایەنی سیاسی دژایەتیی بونیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و سوتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن"
کەمال محەمەد، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ھەرێمێکدا کارێکی وا ئاسان نەبو، کە بودجەی لەلایەن بەغداوە بڕدرابو، گرفتی موچەخۆرانی ھەرێم سەریھەڵدا، هاوكات زۆر لایەنی سیاسی دژایەتیی بونیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و سوتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەی روناکی لە سەرەتای دەستپێکردنی، گەورەترین ئاستەنگ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و ھەواڵی درۆ و ناڕاست بو بۆ مەرامی سیاسی، تەنانەت ھانی ھاوڵاتیان دەدرا کرێی کارەبا نەدەن، لە کاتێکدا کرێی کارەباکانیان زۆر کەمبوەتەوە بەراورد بە پێشو.
وەزیری كارەبا باسی بەوەشكرد، دەبوایە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان بکرێت و وەکو پرسێکی نیشتمانی و خزمەتگوزاری و خەمخۆری بۆ ھاوڵاتیان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا بەسەر ھەمو ئەمانەدا سەرکەوتین و لە ئێستادا ئەوانەی سودمەندن لە پڕۆژەکە، ڕاستییەکە لای ئەوانە کە چەند سودمەندن لەم پڕۆژەیە و کارەکانیان چۆن ڕێک خراوەتەوە".
ئەوەشیخستەڕو، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ ھاوڵاتیان، دیدگا و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ھاوڵاتیان، ئەوە ئەو وەرچەرخانەیە کە ھاوڵاتیانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیھانی پێی سەرسام بون، کە وێڕای ئەو ھەمو قەیران و ئاستەنگە دروستکراوەی بەردەم کابینەکە، تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵدا بەڵێنەکانی کردە کردارو بە پڕۆژەو کارە گەورەکان وەڵامی نەیارانی دایەوە.
وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێ، بەسەر ھەمو ئاستەنگ و گرفتەکاندا سەردەکەوین و کابینەی نۆیەم دەبێتە ئەو کابینەیەی بە تەواوی کۆتایی بە کێشەی کارەبا دەھێنێت، تەنیا سەبر و کاتێکی کەممان دەوێت، تاوەکو ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.
|