لەبارەى بەقاچاخبردنی نەوت سۆمۆ روونکردنەوە دەدات

6   کاتژمێر پێش ئێستا  200 جار خوێنراوەتەوە

کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) روونکردنەوەی لەسەر نووسراوێکی خۆیداوە کە تیایدا دەڵێت، لە ژمارەیەک نەوت گوازەرەوەدا گومانی ئەوە دەکرێت، نەوت بەڕێگەی نادیار و رێگە پێنەدراو بگوازرێتەوە (یاخود بە بەقاچاخ ببرێت).

سۆمۆ رایگەیاندووە، ئەو نووسراوە فەرمییەى سەبارەت بە چاودێریکردنی نەوت گوێزەرەوەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی دزەی کردووە و ئەو نووسراوە فەرمییە بۆ دڵنیابوونەوە بووە لە پابەندیی ئەو کۆمپانیایانەی کڕیارن بەگوێرەی مەرجی گرێبەستەکانی نێوانیان.

ئەوەشهاتووە، ئەو جۆرە نووسراوە، نووسراوێکى رۆتینییە و لە ساڵانی رابردووشدا نووسراوی هاوشێوە هەبووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و ئەمەی ئێستاش، بۆ بەدواداچوونی زیاتری کاری دامەزراوە ئەمنییەکانە.

سۆمۆ دەڵێت، ئەو نووسراوەی بە نایاسایی بڵاوکراوەتەوە و کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر ئاسایشی ئابووری وڵات و ناوبانگە نێودەوڵەتییەکەی.

رۆژی 28ـی ئەم مانگە نووسراوێکی فەرمی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ، بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو؛ بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان بۆ هاتوچۆی نەوتگوازرەوەکان و بەرهەمەکانی، لە دەروازەکانی ئوم قەسر و خۆرزوبێر و ئاوی هەرێمییەوە، بەشێکیان گومانیان لێدەکرێت نەوت بەڕێگەی نادیار و رێگە پێنەدراو بگوازنەوە (یاخود بەقاچاخ بیبەن).

سۆمۆ لە نووسراوەکەیدا کە ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کردبوو، روونکردنەوە و هۆکاری دیکەی خستووەتەڕوو و دەڵێت؛ نەوت گوازەرەوەکان تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی شوێنی راستەقینەی خۆیان یاخود گۆڕینی، لەگەڵ دواکەوتن لە پێدانی زانیاریی لەبارەی نەوت گوێزەرەوەکان و ئاڕاستەکەیان، ئەوەش وادەکات گومان بکرێت بە قاچاخ نەوت بگوازنەوە.

نووسراوەکە واژۆی عەلی نزار بەڕێوەبەری گشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سۆمۆی لەسەرە و رۆژی 28ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کراوە و پەڕاوێکیشی ئاڕاستەی هەریەک لە دەزگای هەواڵگیری نیشتمانی، راوێژکارێتیی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی بەرگری، دەستەی دەریاوانی عێراقی و کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە کراوە.

لەو بارەیەوە نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری رایگەیاندبوو، سۆمۆ بە فەرمی ئاشکرای کردووە 11 نەوت گوێزەرەوەی دەریایی کە حەوتیان ناسراو و چواریان نەناسراوە، بە قاچاخ بڕێکی زۆر بەرهەمی نەوت و بەتایبەتی نەوتی رەش، براوەتە دەرەوە.

مەرسومی رایگەیاندبوو، عێراق ساڵانە بڕی 18 ملیۆن تۆن بەرهەمدەهێنێت و زیاد لە 12ملیۆن تۆنی بە ئاشکرا هەناردە دەکات، ئەوەشی دەمێنێتەوە بە نەزانراوی لەبەکارهێنان و قاچاخ دەمێنێتەوە و بە قاچاخبردنی ئەو بڕە زۆرەی نەوت داهاتێکی خەیاڵی هەیە و دەگاتە ملیاران دۆلاری ساڵانە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە