چاوەڕوان دەکرێت سێشەممە دەنگ لەسەر ناردنی مووچە بدرێت
7 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوامەو بە پێی زانیارییەکان، هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ یاخود سبەی دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی، چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، شەوی رابردوو گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەردەوام بوون، ئەمڕۆش درێژەیان هەیە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.
شێروان دووبەردانی راشیگەیاند، "ئەگەری هەیە ئەمڕۆ، یاخود سبەی هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار بدرێت.
رۆژی 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
هاوکات رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی تەیف سامی دایەوەو رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."
|