مارکۆ روبیۆ: داوای ئێران بۆ لەسێدارەدانی گرۆسی قبووڵنەکراوە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  131 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکۆنەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران لە بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەن و داواش لە تاران دەکەن سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندانی ئەو ئاژانسە دابینبکات. 
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس لەبارەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران لە رافایێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڵاویکردەوە، "داواکانی ئێران بۆ دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی رافائێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم قبوڵنەکراوە و پێویستە سەرکۆنە بکرێت".
 
رۆژ 21ی حوزەیران و لە گەرمەی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، تاران وا دەکات رافائێل گرۆسی "باجەکەی بدات".
 
هەڕەشەکەی عەلی لاریجانی ئاماژە بوو بەوەی ئەوەی تاران پێیوایە ئاژانسە ئەتۆمییەکە رۆڵی لە هەڵگیرساندنی جەنگەکەدا هەبووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، "پاڵپشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە لێکۆڵینەوەی گرنگ و هەوڵەکانی بۆ چاودێری لە ئێران دەکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستخۆشی لە بەڕێوبەری گشتیی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ کارەکانیان و پرۆفیشناڵبوونیان دەکەین. داوا لە ئێران دەکەین ئاسایش و سەلامەتی بۆ کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دابین بکات".
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راپۆرتێکی لەبارەی خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بڵاوکردەوە. بەرپرسانی وڵاتەکە زوو ناڕەزایی خۆیان لە راپۆرتەکە دەربڕی.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، مایەی "نیگەرانی جیدییە کە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێنراوە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە