حکومەت عێراق بڕیارى خەرجکردنى دوو تریلیۆن دینارى دا

10   کاتژمێر پێش ئێستا  330 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانى وەبەهێنانى تایبەت بە وەزارەتەکان خەرج بکرێت.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکدا بوو، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ هەردوو وەزیرى پلاناندان و دارایی حکومەتەکەى کردی، بۆ پەسندکردنی خشتەی شایستە داراییەکانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی تایبەت بە وەزارەتەکان.
 
نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی سەرەکیی پڕۆژەکان خرانەڕوو و خشتەی کۆتایی بۆ تەرخانکردنی دوو تریلیۆن دینار پەسندکرا، بۆ دابینکردنی تێچووی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان.
 
دوایین خشتەى بودجە کە لە عێراق پەسند کرابێت، خشتەى 2024 بوو، تێیدا تێکڕاى بودجەى وەبەرهێنان گەیشتە زیاتر لە 51  تریلیۆن دینار. 
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیران، پێشتر 1.4 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکان تەرخان کرابوو، سەرۆکوەزیران فەرمانى بە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان دا پەلە بکەن لە رێکارەکانی دابینکردنی پارە و خەرجکردنی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە