لە سلێمانی کۆگەیەکی شاراوەی دەرمانی قاچاخ دەستی بەسەرداگیرا
8 کاتژمێر پێش ئێستا
212 جار خوێنراوەتەوە
لە سلێمانی دەست بەسەر کۆگەیەکی شاراوەی دەرماندا گیرا کە لەنێو دەرمانخانەیەکدا بوو؛ ''دەرمانەکانی قاچاخ بوون'' و ئەندامێکی سەندیکای دەرمانسازانیش دەڵێت: زۆرینەی دەرمانە قاچاخەکان هی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن.
بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لیژنەکانی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان دەستیان بەسەر کۆگەیەکی دەرماندا گرتووە کە پڕ بووە لە دەرمانی قاچاخ و ئەو کۆگەیەش رێک لەنێو دەرمانخانەیەکدا بووە.
هاوکات د. ئەحمەد کەسنەزانی، ئەندامی لقی سلێمانیی سەندیکای دەرمانسازان بە میدیاکانی راگەیاند، زیاتر دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە قاچاخ دەهێندرێن، چونکە زۆرجار دەرمانی کۆمپانیای دیاریکراو نامێنێت و خواستی زۆریشیان لەسەرە.
لەبارەی سزاکانەوە ئەوە باس دەکات، لە ئاگادارکردنەوەوە تاوەکو داخستن سزای هەر دەرمانخانەیەک دەدەن کە دەرمانی قاچاخی تێدا بێت.
وتیشی، باشترین رێگەی ناسینەوەی دەرمانی قاچاخ ئەوەیە کە ستیکەری پێوە نییە، دەرمانە قاچاخەکانیش بە مەترسی ناودەبات چونکە؛
- بە رێگەی نایاسایی، نازانستی و نەگونجاو هاوردە دەکرێن.
- بەهیچ فیلتەرێکی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕن.
- دەشێت لەکاتی هاوردەکردنیان لەنێو ساردکەرەوەدا نەبن و پلەی گەرمیی زۆریان بەرکەوتبێت.
- زۆرجار مادەکانی نێو دەرمانەکە خراپ بوون، چونکە بە نازانستی هاوردەکراون.
- دەشێت مادەی چالاککەری نێو دەرمانەکەی تێدا نەبێت.
- لە ئەگەری هەر ناڕێکی و خراپییەک لە دەرمانەکە، ناتواندرێت سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بدۆزرێتەوە.
|