ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی مووچەوە بڕیار دەدات
12 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان تاوتوێ دەکات، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە بخاتەڕوو.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران کە وێنەیەکی دەست ٧ڕۆژ کەوتووە، رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە کاتژمیر 10:00 دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 12:00 بەردەوام دەبێت، دواتریش بڕیارە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی حکومەت لەبارەی کێشەکانی مووچە و چارەسەرکردنی بخاتەڕوو.
کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە هاوکاتە لەگەڵ داوای خانەنشینبوونی جاسم عەبودی، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگاکە، کە لەلای خەڵکی کوردستان وەک تاکە هیوایەک بۆ چارەسەری کێشەکانی مووچە سەیر دەکرا بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام هێشتا ئەو دادگەیەش بڕیارەکەی دەرنەکردووە.
لە کارنامەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە، "تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەی مووچەخۆران، کە ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێکی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم راگیراوە، دوا هەوڵەکان لەوبارەوە بۆ چارەسەری ئەو دۆخە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێک دەخاتەڕوو، کە داهات و خەرجییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی چارەسەر و پێشهاتەکان."
لە بڕگەی دووەمیشدا راپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران دەخرێتەڕوو.
|