ئێران ژمارەی کوژراوان و بریندارانی جەنگ ئاشکرا دەکات

11   کاتژمێر پێش ئێستا  108 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، کە لە 13ـی حوزەیران دەستیان پێکرد، "606 کەس کوژراون".
 
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران وتی، 5532 کەسیش بریندارن.
 
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی رایگەیاند، 24 کاتژمێری رابردوو، ئیسرائیل تووندترین هێرش و دەستدرێژییەکانی لە سەرەتای جەنگەوە ئەنجامدا، کە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، "107 شەهید و 1342 برینداری لێکەوتووەتەوە".
 
وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، 95٪ـی کوژراوەکان، لەژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستداوە و تەنیا 5٪ـی ئەو بریندارانەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەست داوە.
 
سەبارەت بە دۆخی نەخۆشخانەکان، زەفەرقەندی باسی لەوە کرد، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەی خاتەمئەنبیا لە تاران، ناچاربوون نەخۆشخانەی سووتانی شەهید موتەهەری چۆڵ بکەن. بە وتەی ئەو، لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی جەنگدا، سێ نەخۆشخانەیان بەهۆی مەترسییەوە چۆڵ کردووە.
 
زەفەرقەندی  ئاماژەی بەوەشکردووە، "تیمەکانی تەندروستی لە ئامادەیی تەواودان و سەرەڕای ئەوەی کارمەندانی تەندروستی داواکاریی پێشوویان هەبووە، بە هەموو گیانیانەوە لە مەیدانەکەدا ئامادەبوون و خزمەتی بریندارانیان کردووە و لاپەڕەیەکی دیکەی شانازییان بۆ مێژووی شانازییەکانی رابردوویان تۆمار کرد".
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە