سەرۆکی لالیگا: بارسێلۆنا گەندەڵە و ریال مەدرید گرینۆکە

2025-02-24  89 جار خوێنراوەتەوە

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا هێرشی تووندی کردە سەر هەردوو یانەی گەورەی وڵاتەکەی (بارسێلۆنا و ریال مەدرید) و دەڵێ بارسێلۆنا گەندەڵیی کردووە و ریال مەدریدیش کۆتایی هەموو هەفتەیەکە دەگری.
 
تێباس، لە دوایین لێدواندا، هەڵوەستەی لەسەر دوایین هەڵوێست لەبارەی دۆسێی نیگرێرا کردووە کە بەهۆیەوە بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە.
 
داواکاری گشتیی ئیسپانیا، پێشتر بارسێلۆنای تۆمەتبارکردووە بەپێدانی پارە بەبڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە نیگرێرای سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لە نێوان ساڵانی 2001 تاوەکو 2018، تاوەکو راوێژ بداتە یانەکە لەبارەی ناوبژیوانانی لالیگا.
 
پارەدانەکانی بارسێلۆنا لە رێگەی کۆمپانیای 'داسنیل 95'ەوە دراوە کە موڵکی نیگرێرا بووە و بەهۆیەوە لە پۆستی دووەمی ناوبژیوانانی لالیگا لابراوە.
 
پێشتر، هەروەها دادگای ئیسپانیا، تۆمەتی لەبارەی ئەو سکانداڵەوە ئاراستەی یانەی بارسێلۆنا و هەردوو سەرۆکی پێشووی یانەکە، جۆزیپ ماریا بارتۆمیۆ و ساندرۆ رۆسێلی سەرۆکانی پێشووی یانەکە و نیگرێرا و کوڕەکەشی کردووە.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، یانەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، دادگا یانەکەی لە تۆمەتی پێدانی بەرتیل بەجێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا بێتاوان کردووە.
 
تێباس، لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکردووە داوای ناردنی دۆسێییەکەی بۆ دادگا کردووە و دەڵێ، "پێمانوایە بەڵگەی پێویست بەردەستە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە یانەی بارسێلۆنا تاوانی گەندەڵیی وەرزشیی کردووە لە رێگەی پارەدان بە نیگرێرا لەپێناو کاریگەریی دروستکردن لەسەر بەرزی و نزمیی ناوبژیوانان و ئەوەش بەبڕوای ئێمە بەسە بۆ ئەوەی وایدابنێین کە گەندەڵیی وەرزشی کراوە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری سەرکۆنەکردنی یانەی بارسێلۆنا بەگەندەڵیی وەرزشی و ئەگەری سزادانی بەدابەزاندن بۆ خولەکانی خوارەوە، تێباس دەڵێ، "نا من یاسا وەرزشییەکان دانانێم و دەبێ پابەندبم بەوەی لە دەقی یاساکانی وەرزشیدا هاتووە. لەم دۆخەدا ماوەی سزادان ئەوەیە کە سێ ساڵ بەسەر تاوانەکەدا تێنەپەڕیبێت و ناتوانین لەخۆمانەوە شت دروست بکەین، لەبەرئەوە دابەزاندن لە ئارادا نابێت".
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا هەروەها جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر یانەی ریال مەدرید، بەتایبەت لەبارەی ناوبژیوانەوە و دەڵێ، "ریال مەدرید لە رێگەی کەناڵەکەیەوە مشتومڕ دروستدەکات و چیرۆکی هەڵبەستراو بڵاو دەکاتەوە کە گومان لەسەر تۆپی پێ بەتەواوی دروستدەکات و هەموو یانەکانیش گلەییان هەیە. بەڵام مەدرید بەتەنیا چاوی خستووەتە سەر ئەو کارە و ئەوەش چیرۆکێکی دوژمنکارانەیە، لە رێگەی دەربڕین یان یارییپێکردنەوە. ئەوان یانەیەکن زۆر سکاڵا دەکەن، هەموو رۆژ دەگرین و کۆتایی هەموو هەفتەیەک دەگرین و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە، هەموو کاتیش کێشەکانی خۆیان دەدەنە پاڵ پلانگێڕی".
 
ئەوە یەکەمجار نییە سەرۆکی دەستەی لالیگا هێرشی تووند دەکاتە سەر یانەی ریال مەدرید و پێشتریش چەندین لێدوانی هاوشێوەی هەبووە، بەتایبەت کە یانەی ریال مەدرید گلەیی زۆر لە ئاستی ناوبژیوانانی خولی ئیسپانیا دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە