رەمەزان بەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێت
2025-02-26
167 جار خوێنراوەتەوە
کارەبای سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان، بەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكان دەگۆڕدرێت و پارشێوان تاوەکو كاژێر هەشتی بەیانی كار دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سیروان محەممەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە ٧ڕۆژی وت: كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكان پارشێوان لە کاتژمێر 3:30 خولەک تاوەکو كاتژمێر 8:00ی بەیانی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "خشتە نوێیەكە، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە."
بەپێی خشتەی نوێ، دابەشکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بەمشێوەیە دەبێت:
- کاتژمێر 13:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 1:00 بەرەبەیان كار دەكەن.
- کاتژمێر 1:00 تاوەکو 3:30 بەرەبەیان پشووە.
- کاتژمێر 3:30ی بەرەبەیان تاوەکو 8:00ی بەیانی كار دەكەن.
سیروان محەممەد راشیگەیاند، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانییەوە کارەبای نیشتمانی دەدرێت تاوەکو 01:00ـی پاش نیوەڕۆ، بەڵام ئەگەر کارەبای نیشتمانیش نەدرێت لەو ماوەیەدا، موەلیدە ئەهلییەکان کار ناکەن.
|