وەڵامێکی ئاگرین لە لامین یامالەوە بۆ گلەییەکانی ریال مەدرید

2025-02-20  92 جار خوێنراوەتەوە

لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا باسی لەو مشتومڕە کرد کە بەمدواییە لەبارەی ناوبژیوانانی خولی ئیسپانیا هاتووەتە ئاراوە. ئەو دەڵێت "ریال مەدرید نابێت گلەیی لە ناوبژیوان بکات، هەمان شت بۆ ئێمە و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش راستە".
 
ریال مەدرید چەندین لێدوان و راگەیاندنی ئاگرینی دژی ناوبژیوانان بڵاوکردەوە، بەبیانووی ئەوەی کە تیپەکەیان لە یارییەکانی ئەم دواییەیدا تووشی نادادپەروەرییەکی گەورە بووە، بەتایبەتی بەرامبەر ئۆساسۆنا. لەو یارییەدا کە جود بێلینگهامی ئینگلیزی بە کارتی سوور دەرکرا، بەپاساوی ئاراستەکردنی وشەیەکی ناشیاو بۆ ناوبژیوان، کە ئەو یاریزانە بە روونی رەتیکردەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە ئێستا لەلایەن لیژنەی پێشبڕکێکانی لالیگاوە هەڕەشەی سزای تووندی لێدەکرێت.
 
بابەتەکە تەنیا لە ریال مەدریددا سنوردار نەبوو، بەڵکو حاڵەتێکی دیکەش هەبوو کە لە یارییەکەی بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییکانۆدا روویدا، بەهۆی ئەو لێدانی سزایەی کە بە ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری بارسێلۆنا درا، و یارییەکە بەبردنەوەی تیپی کەتەلۆنی بە تاکە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ هەڤپەیڤینێکی درێژی لەگەڵ لامین یامالی ئەستێرەی بارسا ئەنجامداوە، سەرەتا پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو لێدانی سزایەی کە لە یارییەکەی ئەم دواییەیاندا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە بەرژەوەندی ئینیگۆ بە تیپەکەی بەخشرا؟ کە بەهۆیەوە بارسا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەڕایەوە پێشەنگی لالیگا بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەری.
 
لامین لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ لێدانێکی سزای زۆر روون بوو". یامال هەروەها گوتی "کێشەکە ئەوەیە لەم دواییانەدا خەریکە هەموو شتێک دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەو لێدانی سزایە حاڵەتێکی روونە و جێی مشتومڕ نییە، پێموایە لە کۆتاییدا کاری ناوبژیوان زۆر قورسە، چونکە ئەگەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی لایەنێک بدات، ئەوا لایەنەکەی دیکە گلەیی دەکات، ئەگەر هیچ کام لە لایەنەکان گلەیی نەکەن، ئەوا لایەنێکی دیکە کە تەنانەت لە یارییەکەدا نییە، گلەیی دەکات".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا پێیوایە ناوبژیوانان لە بەرژەوەندی یانەی بارسیلۆنادا بڕیار دەدەن و نادادپەروەرن بەرامبەر بە ریال مەدرید؟ یامال گوتی "کاتێک ئێمە شەش خاڵ لەدوای ئەوان بووین، لەبیرمە لە یارییەکەی خیتافیدا لێدانێکی سزای دروستیان بۆ کۆندی هەژمار نەکرد، کەچی دوای یاریی ئۆساسۆنا دەڵێن ناوبژیوانان دژی ریال مەدریدن، ئیدی بەمشێوەیە دەبێت، تاوەکو خولەکە تەواو دەبێت".
 
ئەو زیاتر گوتی "ریال مەدرید نابێت گلەیی لە ناوبژیوان بکات، هەمان شت بۆ ئێمە و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش راستە".
 
ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا، لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "پێموایە ئێمە ناتوانین گلەیی بکەین، نە ئێمە، نە ریال مەدرید، نە ئەتلەتیکۆش هەوڵی ئەوە دەدەن کە هەموو تواناکانی خۆیان ئەنجام بدەن، هەرچەندە ڕەنگە بڕیاری مشتومڕاوی هەبێت، بەڵام ناوبژیوانان هەموو هەوڵێکیان بدەن، ئێمە قسەمان لەسەر گلەیی و گازندەیی ناوبژیوانان نەکردووە و پێموایە کاتێک تیپەکە لە دۆخێکی باشدایە ئەگەرنا و سەرنجیان لەسەر یاریگا بێت”.
 
یامال لەم دواییانەدا 100ـەمین یاری خۆی لە کاروانی تۆپی پێیدا ئەنجامدا، کە 83 یاری لەگەڵ بارسێلۆنا و 17 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامداوە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە