چەند پەیامێکی نوێ و گرنگ لە رۆناڵدۆوە بۆ هەمووان
2025-02-19
88 جار خوێنراوەتەوە
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی دەڵێت "خولی سعودی چی دیکە خولی وازهێنان نییە" و ستایشی هەوڵەکانی محەممەد بن سەلمان شازدەی جێنشینی ئەو وڵاتەش دەکات.
رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ ئێدۆ ئاگێری رۆژنامەڤانی ئیسپانی، لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە قسەیکرد و گوتی "سەرکردەی وڵات شازدە محەممەد بن سەلمان، ئەو کەسەیە کە هەلی وەبەرهێنانی لە زۆر یانەدا رەخساند، بۆ ئەوەی خولەکە ببێتە خولێکی رکابەری، هەربۆیە ئێستا بەرهەمی ئەو وەبەرهێنانە دەچنینەوە."
کریس لە دژی زیادکردنی ژمارەیەکی زۆری یاریزانی بیانییە و گوتی "ئەگەر ژمارەی یاریزانە بیانییەکان زیادبکرێت، ئەوا شوێنی یاریزانە سعودییەکان کەمدەبێتەوە، من بەتەواوی لەگەڵ ئەوەدانیم، چونکە پێموایە سعودیە خاوەنی یاریزانی زۆرباشە، فێربوونی تۆپی پێ لە سعودیە لە ئەورووپا جیاوازە، ئێمە لە ئەورووپا بناخەیەکی ئەکادیمی بەهێزمان هەیە، بەڵام ئەمە بە تێپەڕبوونی کات گەشە دەکات. ژێرخانی ئابووری بەرەو باشتر دەڕوات، ئێمە کەسانی باش لە ئەورووپاوە رادەکێشین بۆ ئەوەی یارمەتیدەربن لە باشترکردنی ئەکادیمیاکانی ئێرە، بۆیە خولی سعودی باشتر دەبێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی یانە گەورەکان، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەکادیمیاکانیش."
کریستیانۆ زیاتر لەبارەی سعودیە قسەیکرد و گوتی "بابەتی سعودیە، کەمیی یاریزانی بەهرەمەند نییە، بەڵکو لە سعودیە ژمارەیەکی زۆری بەهرەمەند هەن، بەڵام جیاوازییەکە لە پێگەیشتن و ژێرخانی وەرزشییە کە لەگەڵ ئەورووپا جیاوازە و بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەکادیمیاکان پێشکەوتنی زیاتر لەو رووەوە بەخۆیانەوە دەبینن."
رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەو بیرۆکەیە کۆتاییهاتووە کە خولی سعودی خولی وازهێنان بێت، ئێمە دەمانەوێت خولەکە بەهێزتربێت و رکابەرییەکی زیاتری تێدابێت، چونکە مۆندیالی 2034 لێرەیە، ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکرێت، بۆیە پێموایە خولەکە بە خێرایی گەشە دەکات و لە روانگەی منەوە زۆر سەرنجڕاکێشە."
گۆڵکارە پۆرتوگالییەکە دەڵێت "یانەکانی دواوەی ریزبەندیش دەستیان بە گەشەکردن کردووە، بۆ نموونە سەیرکەن، یانەکەی ناچۆ، ئەم وەرزە سەرکەوتووە بۆ خولەکە و دوو هەفتە لەمەوبەر لە ئێمەیان بردەوە، تیپێکی زۆرباشن و خاوەنی یاریزانی باشن."
کاپتنی نەسڕ لە ستایشکردنی خولی سعودیە بەردەوامبوو و گوتی "ئەگەر سەیربکەن دوایین 15 گرێبەست کە لە خولەکەدا کراون، زۆرینەیان لە خوار تەمەنی 30 ساڵین، سەیری نەسڕ بکەن، ئێمە یاریزانی لاوی وەکو بێنتومان هەیە، ساڤیچ، میترۆڤیچ، کانسێلۆ و موسا دیابی هەمووان تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە، ئێستا یانەکان ناچن یاریزانی گەورە لە رووی تەمەنەوە بکڕن، کە پێشتر ئەوە دەکرا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا زەحمەتترین کاتی خۆی لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانی سزادا لەبیرە؟ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی " هەمیشە ئەو ساتانەن کە لە یارییە گەورەکانی کۆتاییدان، وەکو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یان یۆرۆ، ئەو کاتە گوشارەکان دەگەنە بەرزترین ئاست و لێدانی دڵ دەگاتە 1000، بەڵام هەوڵدەدەیت خۆت ئارامبکەیتەوە، کەمێک هەناسە بدەیت و هەمیشە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنیت هەبێت."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینەکەدا گوتی "کاتێک لێدانی سزا جێبەجێدەکەم دەمارگیرم، ئەگەر نەمتوانی گۆڵ تۆماربکەم دەڵێم "بەختێکی خراپ " بوو و بەرەو هەوڵی داهاتوو هەنگاو دەنێم، 20 ساڵە لێدانی سزا جێبەجێ دەکەم، رۆژێک ئەگەر گۆڵ نەکەم دەڵێن چی روویدا؟ دەترسیت؟ بەڵام کاتێک یاریزانێک لەلێدانی سزادا شکستیهێنا، دەتوانێت تۆپەکە بدات بە یاریزانێکی دیکە.
رۆناڵدۆ لەبارەی لەدەستدانی لێدانی سزا لە یۆرۆی 2024 بەرامبەر یان ئۆبلاک گوتی "ئەو ساتە بۆ من زۆر بە ئازار بوو و رەنگە هەندێک زیاتریش بووبێت، چونکە دایکمم بینی، دڵتەنگبوو و دەگریا، بۆیە کەمێک بێهیوا بووم کە بەو شێوەیە بینیم، بەڵام ئەوە نەبووە بەشێک لە شکست، چونکە شکست بەشێکە لە یاری. من توانای ئۆبلاک دەزانم، چونکە تۆپەکەی زۆربەباشی گەڕاندەوە، بەڵام هەستەکان هەن و لەو ساتەدا ئەزموونی دەکەیت و من شەرم لەوە ناکەم، چونکە ئەو کەسەکەم، کە ئەوەی بەدەستمهێناوە و بەردەوامم لە بەدەستهێنانی بەهۆی کارەکتەری خۆم و توانای بەردەوامبوونمەوە بووە، سەرەڕای هەڵە و سەرکەوتنەکان، بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕۆم، ئەمە بۆ من گرنگترین شتە."
لەبارەی ئەوەی کێ بە نموونەی باڵای خۆی دەزانێت؟ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "هەرگیز کەسێک نەبووە کە سەرسام بم پێی یان چاوم بەرزبکەمەوە و بمەوێت لاسایی بکەمەوە."
رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "گرنگ نییە خەڵک چی لەبارەی منەوە دەڵێن، من وەکو خۆم دەمێنمەوە، لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشم دەوێن، لەگەڵ خۆشەویستەکانم، سەبارەت بەوەی کە منیان بەدڵ نییە، گرنگیان پێنادەم، بەردەوامدەبم لە کاری باش لە پێناو تۆپی پێدا، بەردەوام دەبم لە دڵخۆشکردنی هاندەران، خێزانەکەم و منداڵەکانم، بەردەوامیش دەبم لە چێژ وەرگرتن و ئەوە بۆ من گرنگترین شتە."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ باس لە سیستمی خەوتنی دەکات و دەڵێت "من رۆژانە 8 کاژێر دەخەوم، پشوویەکی باش دەدەم، بۆ ئەوەی ئامادەبم بۆ ئەوەی پێویستە لە رۆژی دواتردا بیکەم."
|