ئەو ناوبژیوانەی بێلینگهامی دەرکرد، خۆی دوورخرایەوە
2025-02-19
86 جار خوێنراوەتەوە
مونوێرا مۆنتێرۆ، ناوبژیوانی ئیسپانی دوای یارییە مشتومڕ هەڵگرەکەی ریال مەدرید و ئۆساسونا، لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی گەڕی داهاتووی لالیگا دوورخرایەوە.
ئەمڕۆ سەرچاوە ئیسپانییەکان ئەوەیان خستەڕوو، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بڕیاریانداوە، ئەو ناوبژیوانەی ئەم هەفتەیە، یاریی نێوان ریال مەدرید و ئۆساسونای بەڕێوەبرد، لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی گەڕی داهاتووی لالیگا دووربخەنەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو ناوبژیوانە رانەگەیێنراوە، بەڵام سەرچاوە ئیسپانییەکان بە حاڵەتە مشتومڕ هەڵگرەکەی بێلینگهامەوە دەیبەستنەوە و وایدادەنێن کە بەهۆی ئەوەوە، پێدەچێت ئەو ناوبژیوانە سزابدرێت.
مونوێرا لە دەرەوەی لاکێشەی سەوزیش، چەندین گومانی گەندەڵی لەسەر هەیە و ئەوانەش وایانکردووە، ئەو ناوبژیوانە لە حاڵەتێکی سەختتردا بێت.
شەممەی رابردوو، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئۆساسونا بووەوە، یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی مایەوە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە، مونوێرا بوون، بڕیاری پێدانی کارتی سوور بە بێلینگهام لە خولەکی 39 و هەژمارکردنی لێدانی سزایەک بۆ یانەی ئۆساسونا لە خولەکی 58، سەردێڕی میدیاکانی ئیسپانیا و جیهان بوون.
|